06 تهمموز 2023 پێنجشەممە
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی سەلوان مۆمیکا، ئەو گەنجە عێراقییەی کە لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید قورئانی سووتاند، ئاڕاستەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ کرد بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای کەرخ کە لە دژی ناوبراو دەرکراوە.
بەپێی ئەو نووسراوەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی سەربە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کە رۆژی پێنجشەممە 6ی تەمووز بە واژووی سەرۆکی داواکاری گشتیی، نەجم عەبدوڵڵا ئەحمەد دەرچووە، ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو کراوە كه زانیاریی و بڕیاری دادگا تایبەت بە دەستگیرکردنی سەلوان مۆمیکا لە دەرەوەی عێراق لەسەر ئەو تۆمەتەی کە بەپێی حوکمەکانی ماددەی 1/372 لە یاسای سزادان ئاڕاستەی کراوە.
داواکاری گشتی داوای لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتیی سەربە وەزارەتی ناوخۆ کردووە لە ئەگەری دەستگیرکردنی سەلوان مۆمیکا ئاگاداریان بکاتەوە بۆ گرتنەبەری رێککارە یاساییەکان لە بەرامبەریدا.
لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا، پەنابەرێكی عێراقی لە سوید بەناوی سەلوان مۆمیكا لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، كۆپییەكی قورئانی سووتاند، ئەمەش كاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.