کۆمیسیۆن دوو سکاڵای به‌ره‌ی توركمانی رەتدەکاتەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • کۆمیسیۆن دوو سکاڵای به‌ره‌ی توركمانی رەتدەکاتەوە

کۆمیسیۆن دوو سکاڵای به‌ره‌ی توركمانی رەتدەکاتەوە

تشرینی دووه‌م 7, 2024 09:25
کۆمیسیۆن دوو سکاڵای به‌ره‌ی توركمانی رەتدەکاتەوە
0

لایک

ئەنجوومەنى کۆمسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رۆژی چوارشەممە،

 رێكه‌وتی  6-11-2024 ، 13 بڕیارى لەبارەى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان-عێراق بڵاوکردەوە. 

بەپێی یەکێک لە بڕیارەکان، جوڵانەوە نەوەى نوێ بە یەک ملیۆن دینار پێبژاردن سزادراوە بەهۆى پێشێلکردنى مادەى 13ـی رێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن. ئەو مادەیە تایبەتە بە دەستدرێژیکردن و رێگرى لە بانگەشەى هەڵبژاردى پارتێکى دیکە یان بەربژێران لە رێگەى دڕاندنى پۆستەر یان شێواندنى. 

بڕیارێکى دیکەى کۆمیسیۆن سزاى پێبژاردنى جوڵانەوەى نەوەى نوێ بووە بە 500 هەزار دینار بەهۆى پێشێلکردنى هەردوو مادەى 2 و 10ـی رێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن، ئەو دوو مادەیەش تایبەتن بە بانگەشەى پێشوەخت و ناوڕزاندن لەکاتى بانگەشەدا. 

11 بڕیارەکەى دیکەى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران رەتکردنەوەى ژمارەیەک سکاڵا بووە، کە لەلایەن بەربژێران و لایەنە بەشداربووەکانى هەڵبژاردن پێشکێش کرابوون. 

بەگوێرەى ئەو بڕیارانە؛ 10 سکاڵایان لە سنوورى دهۆک بوون لە جۆرى سەوز و سەرجەمیان رەتکراونەتەوە.

سکاڵاى سەوز ئەو جۆرەن کە دژى کارمەندانى کۆمیسیۆن، بریکارى لایەنەکان، چاودێرانى هەڵبژاردن و هێزە ئەمنییەکانن، کە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامى هەڵبژاردن نابێت، بەڵام رێکارى لێدەکەوێتەوە بەرامبەر بە سەرپێچیکارەکە.

دوو سکاڵاى دیکە کە رەتکراونەتەوە لەلایەن لیستى بەرەى تورکمانى پێشکێش کراون، سکاڵایەکى دیکەى رەتکراوەش لەلایەن رێگەپێدراوى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە پێشکێشکراوە.

عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە میدیای پارتی راگەیاند “سەرجەم ئەو سکاڵایانەى لەبارەى بانگەشەى هەڵبژاردن و دەنگدان پێشکه‌شکراون، بەر لە راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایی یەکلاکراونەتەوە و تەنیا بڕیاردەرکردن و بڵاوکردنەوەیان ماوە.”

18ـی تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کرا. 21ـی تشرینى یەکەم ئەنجامى بەرایی و 30ـی هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا.

189 سکاڵا لەبارەى هەردوو دەنگدانى گشتى و تایبەت پێشکێشی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق کراون.

جگە لەو سکاڵایانە، 41 تانە دژى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان-عێراق تۆمارکراون؛ 25ـیان لە بازنەى سلێمانى بوون کە زۆرترین تانە بوون؛ ماوەی 17 رۆژ لەبەردەم کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان و دەستەى دادوەریى هەڵبژاردنە بۆ یەکلاکردنەوەیان.

En az 10 karakter gerekli