ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند “بەپێی ڕێنمایی ژمارە 8ـی ساڵی 2021ـی هەمووارکراو، لەبەر ڕۆشنایی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و کاروباری ناوخۆی پارێزگای هەولێر، لەگەڵ نوێنەری حەوت کۆمپانیای موبایل و ئینتەرنێت، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەرچووە، چەند بڕیارێک لەسەر سیمکارتی بێمۆڵەت دراوە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان – عێراق نووسراوی فەرمی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم کردووە و داوایان لێدەکات دەست بگرن، بەسەر هەموو ئەو سیمکارتانەی لە دەرەوەی رێنوێنییە یاساییەکان دەفرۆشرێن.
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک بڕیاریانداوە، لە یەکێکیاندا هاتووە: “لیژنەی تایبەتمەند لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کاری پێویست بکات، بە چاودێریکردنی بازاڕ و دەستگرتن بەسەر ئەو سیمکارتانەی لە دەرەوەی رێوشوێنە یاساییەکان دەفرۆشرێن”.
هەروەها یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی وەزارەتی ناوخۆ کۆمپانیاکانی ناچار بە جێبەجێکردن دەکات، ئەوەیە، بریکارە سەرەکی و لاوەکییەکانی فرۆشتنی سیمکارت دەبێت فۆڕمی خۆتۆمارکردن پڕبکەنەوە، بە پێچەوانەوە بریکاردارێتی فرۆشتنی سیمکارتی لێ وەردەگیرێتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، هەر شوێنێک سیمکارتی بەبێ رێکارە یاساییەکان لێ بفرۆشرێت دادەخرێت و بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ سزای پێبژاردنی بۆ دەکرێت.