نێچیرڤان بارزانی: ئێمە هەرگیز نابین بە دوو ئیدارە
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • نێچیرڤان بارزانی: ئێمە هەرگیز نابین بە دوو ئیدارە

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە هەرگیز نابین بە دوو ئیدارە

تشرینی یه‌كه‌م 30, 2024 19:35
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە هەرگیز نابین بە دوو ئیدارە
0

لایک

سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق، دەڵێت: ئێمە هەرگیز نابین بە دوو ئیدارە، باوی ئەو قسانە نەماوە، هەرێمی کوردستان چوارچێوەیەکی دەستووریی هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق لە پەراوێزی دیداری مێری بەشداریی لە پانێڵێک کرد بە ناونیشانی “هەرێمی کوردستان لە دەوروبەرێکی پشێودا”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق، لە دەستپێکدا لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق ڕایگەیاند، هەڵبژاردن بابەتێکی گرنگ بوو بۆ هەرێم، چونکە ڕەوایەتی دان بوو بە سەرچاوەی دەسەڵاتی هەرێمەکە، دواکەوتنی هەڵبژاردن بۆ هەرێمەکە زۆر خراپ بوو.

ئاماژەی بەوە دا، براوەی گەورە لەم هەڵبژاردنە خەڵکی هەرێمی کوردستان-عێراق بوو، پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستاندا بە شێوەیەکی باش و لەسەر ڕێچکەیەکی دروست خەریکە گەشە دەکات، هەروەها لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا گەلی کورد سەلماندی کە شایستەی هەموو شتێکە بۆی بکرێت.

نێچیرڤان بارزانی، دەڵێت: جێی خۆیەتی پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کوردستان بکەم، بۆ بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە، هەروەها بە هەموو پێوەرێک ئەم هەڵبژاردنە زۆر سەرکەوتوو بوو.

باسی لەوە کرد، ئێستا ئێمە لە قۆناغی دوای هەڵبژاردن داین و دەبێت پێکەوە کار بکەین، ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت لە پەرلەمان، هەروەها بوونی ئۆپۆزیسیۆن لە هەر سیستەمێکی سیاسی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چاودێریکردن بەسەر کارەکانی حکوومەت.

ناوبراو ڕوونی کردەوە، هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی زۆر گەورەدان، دەبێت لە ئاست متمانەی هاووڵاتییان دابن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق، جەختی لەوە کردەوە، دەبێت لە کەشی هەڵبژاردن بێینە دەرەوە و هەڵبژاردن تازە تەواو بوو  و، دەبێت بە زووترین کات حکوومەت پێکبهێنین و کاتی ئەوە هاتەوە لایەنە سیاسییەکان بە دڵێکی فراوان لەگەڵ یەکتردا دابنیشن.

نێچیرڤان بارزانی، وتی: هیچ هێزێک لە هەرێم ئەو ژمارە کورسییەی نییە کە بە تەنیا بتوانێت حکوومەت پێکبهێنێت، ئەوەی گرنگە کە هێزە سیاسییەکان هەموویان بتوانن پێکەوە هاوپەیمانییەک دروست بکەن و بە زووترین کات حکوومەت پێکبهێنن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، گەلی کوردستان چاوەڕێی ئەوە دەکات بە زووترین کات حکوومەت پێکبێت، ئەم بابەتەش هەم بۆ ئێمە گرنگە، هەم بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق گرنگە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دوو ئیدارەییەوە دەڵێت: ئێمە هەرگیز نابین بە دوو ئیدارە، باوی ئەو قسانە نەماوە، هەرێمی کوردستان چوارچێوەیەکی دەستووریی هەیە.

وتیشی: ئەگەر بیر لە دوو ئیدارەیی بکرێتەوە، ئەوا هەرێمی کوردستان دەبێتە سفر ئیدارە.

سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، ئێستا کاتی ئەوەیە مۆدێلێکی ڕێکوپێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بتوانین کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارە بکەین، هەر چەندە هەڵبژاردن دەرفەتێکی نوێی بۆ چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا ڕەخساندووە.

لە درێژە قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی فیدراڵیی نییە، بەڵکو زۆر بە مەرکەزییانە مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کردووە.

En az 10 karakter gerekli