رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند، توركیا کۆماری تورک و کوردیشە، کۆماری هەموو ئەو کەسانەیە کە لەسەر خاکی ئەم نیشتمانە دەژین، هەروەها دەشڵێت، “لەپێناو گەشەپێدانی برایەتیی کورد و تورک ئەوەی پێویست بو کردمان”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانی وتارێكدا ڕایگەیاند، “ئەم کۆمارە، کۆماری تورک و کوردیشە، کۆماری هەموو ئەو کەسانەیە کە لەسەر خاکی ئەم نیشتمانە دەژین، کۆماری عەلەوی و سونییە، کۆماری راستڕەو و چەپڕەوە، دەبێت ئەمە قبوڵ بکەین کە لە چەند سەردەمێکدا رۆڵەکانی ئەم کۆمارە جیاکارییان لەدژ کراوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “پشتیوان بە خودا، نیازمان هەیە پرسی تیرۆر لە رۆژەڤی وڵاتەکەمان بە تەواوی دەربهێنین و تاج بخەینە سەر 40 ساڵەی سیاسیمان کە بە خزمەتی گەل تێپەڕیوە”.
ئەردۆغان باسی لەوەشكرد، “ئێمە قوربانیی زۆرمان دا و زۆر جار هیوامان داڕما، لە پشتەوە خەنجەرمان لێدرا، بەڵام هیوا و راستگۆییمان لەدەستنەدا، هەرگیز لە مافی برایەتی دانەبڕاین. ئەوەی بۆ تورکیا و داهاتووی رۆشنی گەلەکەمان پێویستە هەرگیز لە ئەنجامدانی سڵمان نەکردوەتەوە و سڵ ناکەینەوە”.
ئەوەشیخستەڕوو، “کاتێک هاتینە دەسەڵات، خزمەتگوزاریمان گەیاندە شارەکانی باشوور و باشووری رۆژهەڵات کە فەرامۆش کرابوون، لەپێناو گەشەپێدانی برایەتیی کورد و تورک ئەوەی پێویست بوو کردمان، بەڵام هەموو جارێک دیوار و ناپاکی هاتنە بەردەممان، ئەوانەی مشەخۆری سەر کێشە و تیرۆرن ئاستەنگیان دروستکرد”.