وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایدەگەیێنێ، 99%ـی پرۆسەی ژمارەدان لە خانوو و باڵەخانەکان و دیاریکردنی سنووری جوگرافی هەر ناوچەیەکی سەرژمێری لە پارێزگاکاندا تەواو بووە و ئامادەکارییەکان بۆ سەرژمێریی گەیشتوونەتە کۆتایی.
لێدوانی فەرمی: عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، لە 15 پارێزگاکەی عێراق 99%ـی پرۆسەی ژمارەدان لە خانوو و باڵەخانەکان تەواو بووە کە سەرەتای مانگی ئەیلول کارکردنیان لەو پرۆسەیەدا دەستپێکردبوو، بەڵام لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان-عێراق ڕێژەکە گەیشتووەتە 85%، چونکە لەو پارێزگایانەدا سەرەتای ئەم مانگە پرۆسەی ژمارەدان و گەمارۆسازی دەستیپێکردووە.
هاوکات 20ی مانگی داهاتوو پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت. ئێستا 120 هەزار فەرمانبەر بەردەوامن لە دوایین ئامادەکارییەکانی تایبەت بە پرۆسەی ژمارەدان و گەمارۆسازی کە قۆناغێکی سەرەکی سەرژمێرییە.
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان، پرۆسەی ئامادەکردنی ناوەندی داتاکان، ناوەندی پەیوەندییەکان، 120 هەزار ئامێری سەرژمێری و ژووری ئۆپەراسیۆنەکان وەک بەشێکی بنەڕەتی پرۆسەی سەرژمێریی بەتەواوی ئامادەن، تەنیا هەندێک پێداویستی دیکەی هونەری ماون، ئەوانیش لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆیان دابین دەکرێن.