ئەلفوبێی هاوبەش لە جیهانی تورکی پەسەندکرا

ئەلفوبێی هاوبەش لە جیهانی تورکی پەسەندکرا

تشرینی یه‌كه‌م 16, 2024 22:48
ئەلفوبێی هاوبەش لە جیهانی تورکی پەسەندکرا
0

لایک

ئەکادیمیای تورکیا، ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی پەسەندکرد کە لە ٣٤ پیت پێکهاتووە و لەلایەن کۆمسیۆنی هاوبەشی ئەلفوبێی جیهانی تورکی سەر بە ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورکی پێشنیازکرابوو.

ئەکادیمیای تورکیا کە بارەگاکەی لە ئەستانەی پایتەختی کازاخستانە، روونیکردەوە کە سێیەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی هاوبەشی ئەلفوبێی جیهانی تورکی لە بەرواری ٩-١١ ئەیلول بە هەماهەنگی نێوان ئەکادیمیای تورکیا و رێکخراوی زمانی تورکی لە باکو-ی پایتەختی ئازەربەیجان بەڕێوەچوو.

ئەو رێکخراوە ئاماژەی بەوەدا کە بە بەشداری ئەندامانی کۆمسیۆنی هاوبەشی ئەلفوبێی جیهانی تورکی سەر بە ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورکی کۆبوونەوەکانیان بە سەرکەوتوویی ئەنجامدا و ڕایگەیاند، “ئامانجی بنەڕەتی ئەم کۆبوونەوە، تەواوکردنی پرۆژەی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی بە سوود وەرگرتن لە ئەزمونی دوو ساڵی کۆمسیۆن و زانیارییە کۆکراوەکانی ئەم بابەتە بوون”.

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پڕۆژەی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی کە لەسەر بنەمای لاتینییە، بۆ یەکەمجار لەلایەن زانایانەوە لە ساڵی ١٩٩١ پێشنیازکرا، بە شێوەیەکی گشتگیر پێداچوونەوەی بۆ کرا و ئەندامانی کۆمسیۆن بڕیاری پەیوەست سەبارەت بەو بابەتانە دا کە پێویستە لەم پڕۆژەی ئەلفوبێیەدا پەرەی پێبدرێت. ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کرا کە هەر پیتێک لە ئەلفوبێی پێشنیازکراودا نوێنەرایەتی فۆنیمی (دەنگی) جیاواز دەکات کە لە زمانە تورکییەکاندا دەبینرێن.

دەربارەی ئەلفوبـــێی هاوبەشی تورکی کە پەسەند کرا، وەک ڕۆژنامەی تەبا لەگەڵ دکتۆر ئۆندەر سەعاتچی مامۆستای زانکۆی ئیسپارتای زانستە پراکتیکییەکان لێدوانێکمان ئەنجامدا.

مێژووی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی چییە؟

تورکەکان لە جوگرافیایەکی فراواندا بەرکەوتنیان لەگەڵ نەتەوە جیاوازەکاندا هەبووە، نزیکەی ٢٠ ئەلفوبێیان بەکارهێناوە. هەر بۆیە تورکەکان ئەلفوبێی زۆریان هەبوو. گۆکتورک، ئویغور، سانسکریت و چەندین ئەلفوبێی دیکە… بێگومان دەقی جیاواز هەیە کە بە هەموو ئەمانە نووسراون. دوای ئەوەی تورکەکان موسڵمان بوون، بە پیتی عەرەبی دەیانخوێندەوە و دەیاننووسی. تورکاکان نزیکەی هەزار ساڵ ئەلفوبێی عەرەبییان بەکارهێنا. سیاسەتە کۆلۆنیالیزمەکان کە لە سەدەی بیستەمدا ڕوویاندا، سەرهەڵدانی یەکێتی سۆڤیەت و ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دامەزراندنی کۆمار لە تورکیا، هەموو ئەم پرسانە پرسی ئەلفوبێیان هێنایە بەرنامەی کار. لەم پرۆسەیەدا دەبینین کە ئەلفوبێی لاتینی دێتە پێشەوە. لە لایەک هەوڵەکان بۆ گۆڕینی ئەلفوبێی لاتینی لە نێو کۆمەڵگا تورکییەکانی ئاسیای ناوەڕاست و لە لایەکی دیکەشەوە شۆڕشی ئەلفوبێ لە تورکیا، ئەلفوبێی لاتینی ئەو خاڵە هاوبەشەیە کە ئەم دووانە یەکتر دەگەیەنێت. لەو ماوەیەدا کە قۆناغی دامەزراندنی یەکێتی سۆڤیەت بوو، بەرپرسانی سۆڤیەت و ڕووسەکان هانی تورکەکانیان دەدا کە ئەلفوبێیەکەیان بگۆڕن بۆ ئەلفوبێی لاتینی. ئەمە پلانی ئەوان بوو بۆ ئیمپریالیزمی کولتووری. دوای ئەوەی یەکێتی سۆڤیەت هەژموونی دامەزراند، ئەلفوبێی سیریلیکی (ئەلفوبێی ڕووسی) بەسەر تورکەکاندا سەپاند. ئەم ئەلفوبێیە یەک ئەلفوبێ نەبووە، هەر هۆزێکی تورکی پیتی هاوتای دەنگەکانی لەهجەی خۆی هەبووە. لە تورکیا دوای دامەزراندنی کۆمار، بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان دەستیان پێکرد. لە ساڵی ١٩٢٨ یاسای گۆڕینی بۆ پیتی لاتینی لە لایەن پەرلەمانی تورکیاوە پەسەند کرا. پیتە لاتینیەکان دوای ئەو ڕۆژە لە تورکیا دەستنیشانکراوە تا ئێستا بەکاردێن. سیاسەتی سۆڤیەت بۆ ئیمپریالیزمی کولتووری لە پشت گۆڕینی ئەلفوبێی کۆمارە تورکییەکان لە ئاسیای ناوەڕاست بوو بۆ پیتی لاتینی. لە تورکیا دەتوانرێت ئاماژە بە کۆمەڵێک هۆکاری جیاواز بکرێت. ئەمەش وەرچەرخانێکە بەرەو ڕۆژئاوا. هەرچەندە کۆمەڵگا تورکیەکان لە دوو جوگرافیای جیاوازدا نزیکەی ١٢ ساڵ ئەلفوبێی لاتینییان بەکارهێنا، بەڵام ئەم قۆناغە هاوبەشە بە گۆڕینی ئەلفوبێی لاتینی بۆ ئەلفوبێی سیریلیک (ئەلفوبێی ڕووسی) کۆتایی هات. بەڵام لە تورکیا ئەلفوبێی لاتینی پەسەند کرا. ئەمڕۆ هەلومەرجی جیهان زۆر گۆڕاوە. ئەمڕۆ زیاتر لە ٣٠ ساڵ بەسەر ڕزگاربوونی کۆمەڵگا تورکیەکان لە ڕووی سیاسییەوە لە ژێر هەژموونی سۆڤیەت تێدەپەڕێت. دوای ئەمەش هەندێک ئاڵوگۆڕی کولتووری لە جیهانی تورکیدا کرا و پێشکەوتنێکی زۆریش بەدیهاتووە. وڵاتانی وەک ئازەربایجان، تورکمانستان و ئۆزبەکستان گۆڕانکارییان بەسەر ئەلفوبێی لاتینیدا کرد. ئێمە بە خۆشحاڵییەوە دەبینین کە کازاخستان و قرغیزستانیش لەم ساڵانەی دواییدا هەنگاویان بەو ئاراستەیە ناوە. ئەمڕۆ هیچ مانایەکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی نەماوە بۆ پیتە لاتینییەکان بگەڕێندرێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئێستا دەبێ پیتە لاتینیەکان ئامرازێکی هاوبەشی پەیوەندیکردن بێت لە جیهانی تورکیدا. بڕیارێکی لەو شێوەیە پێشتر لە ساڵی ١٩٩١ درابوو، ئێستا هەنگاوێک بەرەوپێش چووە و بڕیاری ئەلفوبێی هاوبەش بە ٣٤ پیتەوە هەنگاوەکانی زیاتر بەهێزتر کردووە.

ئەکادیمیای تورکیا، ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی پەسەندکرد کە لە ٣٤ پیت پێکهاتووە و لەلایەن کۆمسیۆنی هاوبەشی ئەلفوبێی جیهانی تورکی سەر بە ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورکی پێشنیازکرابوو.

امانجی سەرەکی ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی کە لە ٣٤ پیت پێکهاتووە چییە؟

ئامانجی سەرەکی ئەو ئەلفوبێی تورکییە کە ٣٤ پیتییە، وەک ئیسماعیل گاسپیرالی دەڵێت “یەکگرتوویی لە زمان و بیر و کاردا”. زمان تەنیا بەشێکی قسەکردنی نییە بەڵکو بەشێکی نووسراویشی هەیە. ئێمە پێمان وایە بەم ئەلفوبێیە، لەمەودوا پەیوەندی فراوانتر و تەندروستتر و کاریگەرتر لە جیهانی تورکیدا بەدی دێنێت. سەختی لێرەدا ئەوەیە کە جیهانی تورکی لە جوگرافیایەکی زۆر فراواندایە و ناکرێ هەموو کۆمەڵگا تورکیەکان لە ژێر یەک سەقفی سیاسیدا یەکبگرن. گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی هەموو کۆمەڵگا تورکیەکان لە یەک ئاستدا نییە؛ بەڵام هیوادارم بەم ئەلفوبێیە پردێکی کولتوری هاوبەش لە جیهانی تورکیدا دابمەزرێت. بەم شێوەیە بە تایبەت بەرهەمی ئەدەبی و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان زیاتر دەگەیندرێتە یەکتر. ئێمە بە ئاسانی یەکتر دەناسین. هەروەها کێشەی نامۆبوون بە ئەلفوبێی هاوبەش چارەسەر دەکەین.

سوودەکانی بەکارهێنانی ئەم ئەلفوبێ هاوبەشە بۆ جیهانی تورکی چین؟

باسمان لە ڕەهەندی کولتووری ئەلفوبێی باو کرد؛ بەڵام ئەمەش ڕەهەندێکی ئابووریی هەیە. بۆ نموونە دەتوانین بڵێین ئەلفوبێی هاوبەش لە کاتی هەنگاونان بەرەو یەکێتی گومرگی زۆر سوودی دەبێت. کەواتە بۆچی یەکێتی گومرگی لەنێوان کۆمارەکانی تورکیدا نەبێت؟ یەکێتی ئەوروپاش بەم هەنگاوانە دەستی پێکرد. لە کاتێکدا لێرەدا پەیوەندی ئابووری و سیاسی دەبێت، ئەلفوبێی هاوبەشیش لێرەدا سوودی دەبێت.

پەیوەندی نێوان ئەلفوبێی هاوبەشی تورکی و ئەلفوبێی تورکی چییە؟ کاریگەری گۆڕینی ئەلفوبێی تورکی بۆ ئەلفوبێی تورکی هاوبەش چییە؟

کاتێک ئەلفوبێیەک دروست دەکرێت، دەنگەکانی زمانەکە دەناسرێتەوە و چاوەڕێ دەکرێت هەر دەنگێک لەگەڵ پیتێکدا بگونجێت. بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی سەدەکان، هەندێک گۆڕانکاری لە زماندا ڕوودەدەن. دەبینرێت ئەوەی دەنووسرێت و دەوترێت وەک یەک نییە. بەبێ گوێدانە زمانی ئەوروپی، پیتە لاتینیەکان کاتێک دەستیان پێکرد فۆنێتیک بوون، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەم تایبەتمەندییەیان لەدەستدا. ئەلفوبێی لاتینی لە تورکیا بە نوێ دادەنرێت ئەو ئەلفوبێانەی لە ئازەربایجان و تورکمانستان و ئۆزبەکستان کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە لە ئاسیای ناوەڕاست بەکارهێنراون، زۆر تازەن. مرۆڤەکان زمانەکەیان خۆشدەوێت و دەیانەوێت بیپارێزن و لێرەشدا دەنگەکانی زمانەکە سەرهەڵدەدەن. ناتوانین بە ئازەربایجانییەک بڵێین کە دەنگی X (خ) بە پیتی  H(هـــ) نوێنەرایەتی بکات. ئۆزبەکێک دەتوانێت دەنگی  A(ا) بە دەنگێک لە نێوان  A(ئا)  و O (ۆ) بڵێتەوە، تورکمانەکان دەنگێکیان لە نێوان N(ن) و G (گ)  هەیە، ناتوانین بیگۆڕین. ئەوەی کە ٣٤ پیت هەیە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەمە، بۆیە ئەو ئەلفوبێیەی لە تورکیا بەکاری دەهێنین کە ٢٩ پیتی هەیە، دەبێتە ٣٤ پیت.

گۆڕینی ئەلفوبی لە سیستمی پەروەردە چۆن پەیڕەو دەکرێت؟

یەکێک لە گرنگترین شوێنەکان کە ئەلفوبێی تێدا بەکاردێت، بواری پەروەردەیە. کتێبی خوێندن دەنووسرێت، مەنهەج ئامادە دەکرێت و پەروەردە لەگەڵ ئەمەدا دەبێت. لە هەموو وڵاتێکدا سەدان هەزار قوتابی هەیە. ڕەنگە ئەمە قورسترین بەش بێت. چونکە دەزانن کۆماری تورکیا ئەم ئەلفوبێیەی بە یاسایەک دەستپێکرد. ئەمەش بەو مانایەیە کە پێویستە یاسایەکی نوێ دەربکرێت سەبارەت بەوەی کە ئەلفوبێی هاوبەشی ٣٤ پیتی لە کوێ و چۆن بەکاربهێنرێت. ئەمەش پێویستە لە هەموو وڵاتێکدا بکرێت و هەمان پێکهاتەکانی تێدابێت. ئەمە شتێکە کە کات دەخایەنێت، پێموانییە گۆڕانکارییەکی لەناکاو ڕووبدات. ڕەنگە ئەم ماوەی کۆڕانکارییە ٥ یان ١٠ ساڵ بخایەنێت یاخود بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بخرێتە سەر ڕێڕەوی خۆی.

ئەو بۆچوونانە چین کە پاڵپشتی یان دژایەتی ئەم ئەلفوبێیە دەکەن لە جیهانی تورکیدا؟

هەموو داهێنانێک لە ڕابردووەوە تا ئێستا بیرۆکەی دژی هەبووە. ئەمە دۆخێکی ئاساییە. مەسەلەکە کردار و کاردانەوەیە… بە لەبەرچاوگرتنی تورکمانەکانی عێراق، لەدوای ٢٠٠٣ ئەلفوبێی لاتینیمان بەکارهێنا، پێشتر هەندێک جێبەجێکردن هەبوو. گەر سەیری ئەوە بکەین کە ئەم گۆڕینە چەندی لەلایەن تورکمانەکانەوە وەرگیراوە، نەوەی کۆنتر هێشتا خۆی لەگەڵ پیتە لاتینییەکان نەگونجاندووە. هێشتا کەسانێک هەن کە بەرهەم بە ئەلفوبێی کۆن بەرهەم دەهێنن. هەروەها کەسانێک هەن کە ئەو بڕیارە پەسەند دەکەن. ئەمە گۆڕانی نەوەیە. پێم وایه  قوتابخانەکانی تورکمان رەواجی زیاتری لەسەربێت و نەوە نوێیەکان به بەکارهێنانی پیتی لاتینی بەردەوام بن لە خوێندن، ئەم کێشەیه نامێنێت. لەوەش زیاتر، کەسانێک هەن کە تەمەڵی دەکەن، چونکە پیتە لاتینییەکان بە سەخت دەزانن، هەروەها کەسانێک هەن کە لە ڕووی سیاسییەوە دژایەتی دەکەن. ڕەنگە هەموو داهێنانێک ڕووبەڕووی کاردانەوەی کۆنەپەرستانە ببێتەوە و ئەمەش پێویستە لەبەرچاو بگیرێت.

En az 10 karakter gerekli