ئەمڕۆ پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان لە هەرێم دەستپێدەکات
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • ئەمڕۆ پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان لە هەرێم دەستپێدەکات

ئەمڕۆ پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان لە هەرێم دەستپێدەکات

تشرینی یه‌كه‌م 1, 2024 08:46
ئەمڕۆ پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان لە هەرێم دەستپێدەکات
0

لایک

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 1-10-2024، پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان بۆ سەرژمێریی گشتی لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات.

هێمن عەباس عەزیز، پسپۆری بواری ئامار و سەرژمێری و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی گەمارۆسازی و ژمارەدانان لە سنووری پارێزگای هەولێر بە میدیاکانی راگەیاند، ئامادەکارییەکانی پرۆسەکە تەواو بوون و بڕیارە رۆژی سێشەممە دەستپێبکات.

هێمن عەباس وتی، “لە پارێزگای هەولێر 3000 مامۆستا کە راهێنانیان پێکراوە، بەشداری لە پرۆسەکە دەکەن، لە هەرێمی کوردستانیش 8000 مامۆستا، پرۆسەکەش یەک مانگ دەخایێنێت.”

ئەو سەرپەرشتیارەی پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەدانان ئاماژەی بەوەدا، لە قۆناخی یەکەمدا ژمارەدانان دەستپێدەکات، کە ژمارە لەسەر گەڕەک و شەقام و بیناکان دادەنێن.

لە قۆناخی ژمارەدانان هەر 100 بینا لە شارەکان بە بلۆکێک هەژمار کراوە، لە گوندەکانیش 25 بینا بە بلۆکێک هەژمار کراوە.

سەبارەت بە قۆناخێکی دیکەی ئەو پرۆسەیە، کە گەمارۆسازییە، هێمن عەباس گوتی: “دوای ژمارەدانان، شوێنی بارزگانی لە نیشتەجێبوون جیادەکرێتەوە، تیمەکان سەردانی بیناکانی نیشتەجێبوون دەکەن، پرسیار لەبارەی ساڵی دروستکردنی بینا، جۆری بەکارهێنان و پێکهاتەی بیناکە دەکەن، کە ئایا لە چەند یەکە پێکدێت، بۆ نموونە ئەگەر بیناکە دوو دووکانی لەگەڵدا بێت، ئەو بینایە بە سێ یەکە هەژمار دەکرێت.”

هەر لە قۆناخی گەمارۆسازی، تیمەکانی سەرژمێری جارێکی دیکە سەردانی یەکەکە دەکەنەوە. هێمن عەباس وتی: “تیمەکان لەو قۆناخەدا پرسیار لەبارەی ژمارەی ئەندامانی خێزانی نێو یەکەکە و رەگەزیان دەکەن، هەروەها پرسی باری بیناکە دەکەن، کە ئایا موڵکە یان کرێیە.” وتیشی: “ئەگەر کەس لە نێو خانووەکەدا نەبوو، تیمەکان تاوەکو سێ جار و لە سێ رۆژی جیاوازدا سەردانی یەکەکە دەکەن بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان.”

سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێم لە 20-11-2024 دەستپێدەکات و بۆ ماوەی دوو رۆژ قەدەخەی گشتیی هاتووچۆ رادەگەیەندرێت. 

هێمن عەباس وتی، “لە رۆژانی 20 و 21ی 2024 ژمێرکاران چەند پرسیارێک لە کەسانی نیشتەجێی نێو بیناکان دەکەن، ئەوانیش ناوی سیانی، رەگەز، پەیوەندی کەسەکە بە سەرۆکی خێزانەکە، تەمەن، ناوی دایک و باوکی دایک.”

دوای ئەو قۆناخە تیمەکان جارێکی دیکە سەردانی خێزانەکان دەکەنەوە و پرسیارنامەی سەرژمێری پڕ دەکەنەوە، کە زیاتر لە 70 پرسیاری تێدایە.

En az 10 karakter gerekli