سوودانی داوا لە گۆتێرێس ده‌كات سه‌ردانی عێراق بكات
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • سوودانی داوا لە گۆتێرێس ده‌كات سه‌ردانی عێراق بكات

سوودانی داوا لە گۆتێرێس ده‌كات سه‌ردانی عێراق بكات

ئه‌یلول 27, 2024 15:31
سوودانی داوا لە گۆتێرێس ده‌كات سه‌ردانی عێراق بكات
0

لایک

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نیویۆرک لەگەڵ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان كۆبووه‌وه‌ و بانگهێشتنامەیەکی پێشکەش بە ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کرد، بۆ سەردانیکردنی عێراق و بەشداریکردن لە کارەکانی لوتکەی عەرەبی، کە بڕیارە لە مانگی ئایاری 2025 بەغداد میوانداری بکات.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، محەمەد شەیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیران لە نیویۆرک لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە، سەرجەم دۆسیەکانی هاوکاری بنیاتنەرای نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و پرسەکانی کاری هاوبەش خرانەڕوو، هەروەها تاوتوێی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامی دەستدرێژییەکان بۆ سەر لوبنان و فەڵەستین کرا، لەگەڵ ئەو هەڕەشە گەورەیەی کە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتی پێکیدەهێنێت.

سوودانی پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئەو هەڵوێستە پرەنسیپیانەی، کە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پەرسی دەستدرێژییەکانی سەر غەززە و ئیدانەکردنی ئەو تاوانانەی گە دژ بە مرۆڤایەتی دەرهەق بە گەلی فەڵەستین ئەنجام دراون، هەروەها ئەو هێرشانەی بۆ سەر لوبنان ئەنجام دراون، ئەم هەڵوێستانەی وەک ڕێزگرتن لەو بنەمایانە وەسفکرد، کە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لەسەری دامەزراوە.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌روه‌ها پێزانینی عێراقی دەربڕی بۆ هاوکاریکردن و پشتیوانی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەمەبەستی چەسپاندنی سەقامگیری لە عێراق و پشتیوانیکردنی عێراقییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و پتەوکردنی ئەو سەرکەوتنانەی کە بەهۆی یەکگرتنی گەلی عێراقەوە بەدەستهاتوون، بە هاوکاری هاوڕێیان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

سوودانی بانگهێشتنامەیەکی پێشکەش بە ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کرد، بۆ سەردانیکردنی عێراق و بەشداریکردن لە کارەکانی لوتکەی عەرەبی، کە بڕیارە لە مانگی ئایاری 2025 بەغداد میوانداری بکات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، گۆتێرێس ستایشی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد و بە پەیوەندییەکی نموونەیی و نایاب وەسفی کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان بایەخ بە پتەوکردنی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام بۆ گەلی عێراق دەدات.

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، گۆتێرێس پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئەو گفتوگۆ بنیاتنەرانەی کە بوونە هۆی کۆتاییهێنان بە کارەکانی نێردەی (یونامی) لە عێراق و کردنەوەی دەرفەتی هاوکاری لە چەندین بواردا لەگەڵ ئاژانسە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە گرنگترینیان پشتیوانیکردنی عێراقە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ئاستەنگەکانی تری ئابووری و پرۆگرامەکانی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری، کە عێراق پێشکەوتنی گرنگی تێدا بەدەستهێناوە.

En az 10 karakter gerekli