کۆمەڵکوژییەکەی بیری عەللۆ عەنتەر

کۆمەڵکوژییەکەی بیری عەللۆ عەنتەر

ته‌مموز 10, 2024 16:54
کۆمەڵکوژییەکەی بیری عەللۆ عەنتەر
0

لایک

قەزای تەلەعفەری تورکمانی کە دەکەوێتە رۆژئاوای ناوەندی شاری موسڵ بە دووری ٦٣ کیلۆمەتر، ڕۆژی ١٦ـی حوزەیرانی ٢٠١٤ لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە داگیرکرا. دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنی دژی داعش لە موسڵ لە ١٠ـی تەمموزی ٢٠١٧، یەکەکانی سوپا ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەلەعفەریان لە ٢٠ـی ئابی ٢٠١٧ دەستپێکرد و لە ٢٧ـی ئاب رزگاربوونی ناوەندی قەزاکەیان راگەیاند.

لە ماوەی داگیرکاری رێکخراوی تیرۆریستی داعش کە ٣ ساڵ بوو، خەڵکێکی زۆر کۆچیان کرد، ئەو ناوچانەی کە لە دەستی داعش رزگارکرا بوو بە وێرانە. دوای داعش تەنها وێرانکاری نەماوە بەڵکو کۆمەڵکوژییەکی زۆر روویاندا. یەکێک لەو کۆمەڵکوژییانە کۆمەڵکوژییەکەی بیری عەللۆ عەنتەر بوو.

محەمەد سەمانجی، سەرۆکی ناوەندی مافی مرۆڤی عێراق لەبارەی کۆمەڵکوژییەکەی بیری عەللۆ عەنتەر و ئەو هاووڵاتییانەی دوای داعش بێسەروشوێن بوون بۆ تەبا دوا.

سەمانجی رایگەیاند، “رێکخراوی تیرۆریستی داعش کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤ موسڵ، تەلەعفەر و عیازییەی داگیرکرد، بێ گوێدانە ئافرەت، منداڵ و پیر، هەستا بە دەستگیرکردنی ئەو کەس و گروپانە کە دژیان بوون. دوای ئەوەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ لە ژێر دەستی داعش دەستیپێکرد، ئەمجارەیان هاووڵاتییەکی زۆریان لە شوێنی رووداوەکان کوشت. وەک دەزاندرێت کۆتا شوێن کە داعش لێی کشاوە تەلەعفەر بوو، ئەو بارمتانەی کە لە تەلەعفەر و عیازییە گیرابوون داعش لە دەوری بیری عەللۆ عەنتەر کۆیانی کردووە و بیرەکەی وەکو گۆڕێکی بە کۆمەڵ بەکارهێنا بەوەی خەڵکەکەی کوشت و فڕەیدایە نێو بیرەکە”.

سەبارەت بە ژمارەی کوژراوان سەمانجی بە ئاماژەدان بەوەی کە ژمارەی تەواویان بەردەست نییە، وتی “ژمارەی ونبووان کە دیاری کراوە لە تەلەعفەر و عیازییە ٥ هەزار و ٥٠٠ کەسن. لەنێو ئەم ژمارانەدا ئافرەت، منداڵ، کوڕ و پیرهەن”.

وتیشی “وەک ناوەندی مافی مرۆڤی تورکمان، ڕاستەوخۆ دوای ئازادکردنی تەلەعفەر سەردانی ناوچەکەمان کرد. لەماوەی سەردانەکەدا دەرفەتێکمان بۆ ڕەخسا لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە کۆببینەوە”.

سەرۆکی ناوەندی مافی مرۆڤی عێراق راشیگەیاند، “ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی گەرانەوە و ژمارەیەکی زۆریش لە ناوچەکە دەرنەچووبوون. زانیاریمان لەبارەی کار و کردەوەکانی داعش لە ماوەی داگیرکاری لە هاووڵاتییان وەرگرت. یەکێک لە بابەتەکان بیری عەللۆ عەنتەر بوو. شایەتحاڵان ئاماژەیان بەوەدا، کە داعش ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بۆ بیرەکە بردووە، فرەیداونەتە نێو بیرەکە و خۆڵی بەسەرداکردوون. بیرەکە زۆر قوڵە و ماوەیەک بە بیری دۆزەخ ناودەبرا”.

سەمانجی، باسی لەوەش کرد، “کاتێک ساڵی ٢٠١٩ ئەم بابەتەیان بۆ باس کردین چووین بۆ ناوچەکە. دوای سەردان و کۆکرنەوەی گشت زانیارییەکان، بەڵگەکانمان پێشکەش بە ئۆفیسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. بە زووترین کات وەڵامیان داینەوە و لە هەولێر چەند جارێک کۆبوونەوەمان ئەنجامدا. دواتر تیمێکیان پێکهێنا و لێکۆڵینەوەیان کرد”.

“داعش چەکی کیمیایی بەرامبەر بە تورکمانەکان بەکارهێنا”

سەمانجی باسی لەوە کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمسیۆنێکی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنەکانی داعش، راشیگەیاند، “لە نێو کۆمسیۆنەکە بووین. پێمان راگەیاندن کە داعش لە تەزەخورماتوو چەکی کیمیایی بەکارهێناوە. رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە دوو شوێن چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، یەکیان لە دەیریزۆری سوریا، ئەوی دیکەیان لە تەزەخورماتوو بەرامبەر بە تورکمانەکان. لەسەر ئەم بابەتە کارمانکردووە، سەدان کەس گیانیان لەدەستدا، زۆرێک توشی نەخۆشی بوون و زۆرێکیش تووشی کێشەی دەروونی بوون”.

سەرۆکی ناوەندی مافی مرۆڤی عێراق جەختی لەوەش کردەوە کە سەبارەت بە هێرشەکانی سەر تەزەخورماتوو چەندین جار لەگەڵ ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە. زیاتر وتی “ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی وەکو شایەتحاڵ لە تەزەخورماتووەوە بران بۆ ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر و بەشدارییان لە کۆبوونەوەکان کرد. لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بەم بابەتە تەواوبوون و دۆسیەکە رادەستی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کرا. بابەتەکە لە دادگا بەردەوامی هەیە. بۆ تەلەعفەریش هەمان پرۆسە دەستیپێکرد. نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەی شەهید و زیندانییانی سەر بە دەوڵەت بە هاوبەشی لەگەڵ شاندەکانی قایمقامیەت و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی تەلەعفەر و شاندەکەی بەغداد کۆبوونەوە و لە ئاکامی ئەوە بڕیاردرا لێکۆڵینەوە بکرێت”.

“لە مانگی نیسان تاوەکو کۆتای مانگی ئایار ١١١٣ لاشە لە بیرەکە دەرهێندرا”

سەمانجی چەند زانیارییەکی دیکەی درکاند و سەبارەت بە لاشەی کوژراوانی کۆمەڵکوژییەکەی بیری عەللۆ عەنتەر وتی “نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢٣ بڕیاریدا لەو شوێنە لێکۆڵینەوە بکات بەڵام بەهۆی کێشەی ئەمنی کارەکانمان دواکەوت. مانگی نیسانی ٢٠٢٤ دەستمان بە کارەکان کرد و ئێستاش بەردەوامی هەیە. تاوەکو کۆتایی مانگی ئایار ١١١٣ لاشە لە بیرەکە دەرهێندرا”.

باسی لەوەش کرد، بەر لە کاری گەڕان و دۆزینەوە هەڵساون بە کارێکی دیکە، وتیشی “لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی، قایمقامیەت، نەتەوە یەکگرتووەکان و پارێزگای موسڵ هەڵمەتێکمان دەستپێکرد و بەدوای خێزانی ونبووان دەگەڕێین، نموونەی خوێنیان لێوەردەگرین بۆ ئەوەی تێستی دی ئێن ئەی بۆ دۆزراوان ئەنجام بدەین. بەم شێوەیە تێستی دۆزراوان و خێزانان بەراورد دەکرێت. ئەم کارانە بەردەوامن و بەو شێوەیە دەزاندرێت کە کام لاشە لە چ خێزانێکەوە نزیکە”.

“ژمارەی ونبووی تورکمان ٥ هەزار ٥٠٠ کەسە”

سەمانجی لەبارەی ژمارەی هاووڵاتی ونبووی ماوەی شەڕی رێکخراوی تیرۆریستی داعش رایگەیاند “زانیاری لایەنی فەرمی، لێکۆڵینەوەی مەیدانی، خەڵک، بەرپرس و هێزە ئەمنییەکانمان کۆکردەوە، ئێستا لە تەلەعفەر و عیازییە ژمارەی ونبوو ٥ هەزار و ٥٠٠ کەسە. واتە هێشتا نازاندرێت ئەو کەسانە لەکوێن”.

سەمانجی، سەبارەت بە کاری دۆزینەوەی ونبووەکانیش وتی “نازاندرێت چەندیان لە سوریان، چەندیان لە بەندیخانەکانی ژێر دەستی داعشن و ناتوانین ژمارەیەکی فەرمی بدەین. چونکە بەشێکیان کاتێک کۆچیانکردووە لە رێگا مین تەقیوەتەوە، بەشێکیان ونبوون. بەشێکیشیان دوای راوەدوونانی داعش گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان بەڵام لەو شوێنانە مین تەقیوەتەوە و تەرمەکان پارچە پارچەبوون. بەم هۆیەوە لە چەند سەرچاوەیەک زانیارییمان کۆکردەوە و ژمارەی ونبوو ٥ هەزار و ٥٠٠ کەسە. لە بیری عەللۆ عەنتەر بە چاوی خۆمان ئێسک و جانتای ئافرەتان و جلوبەرگمان بینی. دیمەنێکی قێزەونە. کاروچالاکییەکان بەردەوامن. بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما کارەکان لە نێوان کاتژمێر ٥ بۆ ١٠ـی بەیانی ئەنجام دەدرێت و نازاندرێت کەی دەگەینە کۆتایی کارەکان”.

سەمانجی بە ئاماژە دان بەوەی کە ڕێوشوێنی پێویست لە دەوروبەری بیری عەللۆ عەنتەر گیراوەتەبەر، وتی، “کاتێک بۆ یەکەمجار سەردانی بیرەکەمان کرد، هیچ لێکۆڵینەوەک و هێزێکی ئەمنی لە دەوروبەری بیرەکە نەبوو. لە ئێستادا کارەکان بەڕێوەدەچن و هێزە ئەمنییەکان لەوێن. ناوچەی دەوروبەری بیری عەللۆ عەنتەر بە سیاجێکی تەل پارێزراوە و ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی کەس نادرێت. ڕەنگە تا کۆتایی ساڵ کارەکان تەواو ببن، بێگومان ئەمەش پەیوەستە بە دەرهێنانی هەموو لاشەکان لە بیرەکە. ئێمەش وەک تاکە ڕێکخراوی تورکمانی بە هاوبەشی لەگەڵ وەقفی تورکمانئێلی، بەبێ هیچ لایەنێکی سیاسی چاودێری خەڵکی ستەملێکراوی ئەوێ و کارەکان دەکەین”.

“لەگەڵ چالاکبوونی داعش لە عێراق زۆرترین قوربانی لە تەلەعفەر دراوە”

سەمانجی سەبارەت بە ئامارەکانی زیانەکانی داعش لە عێراق وتی “بەگوێرەی زانیارییەکان و بەڵگەکان، لەو کاتەوە داعش لە عێراق چالاکبووە تەلەعفەر زۆرترین قوربانی و شەهیدی داوە. وەکو ناوچەی شەهیدان راگەیەندراوە”.

وتیشی “ئەو میللەتەی زۆرترین دژایەتیی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی کرد، تورکمانەکان بوون. ئەمەیان لە ئامرلی، تەزەخورماتوو، کەرکووک، تەلەعەفەر، عیازییە، ڕەشیدییە و هەموو ناوچە تورکمانییەکانی دەوروبەری موسڵ نیشاندا. هەر بەو هۆیەشەوە ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە زۆرترین زیانی بە تورکمانەکان گەیاندووە. زۆر پێمان سەیر بوو کە میدیاکان لەم بابەتە بێدەنگ بوون. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە ئەوان زانیارییەکانیان لا نییە، هاوکات کاتێک پەیوەندی دەکەن ئێمە زانیارییەکانیان پێدەدەین”.

سامانجی جەختی لەوە کردەوە کە دەیانەوێت دەنگی مرۆڤە بێتاوانەکان بە جیهان بگەیەنن، وتیشی، “هیوامان ئەوەیە ئەو کوشتنانەی کە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجامیداون، خەڵکی بە زیندوویی یاخود مردووی فڕەداوەتە نێو بیرەکە، هەموو ئەمانە بە جیهان بگەیەنین. ئەوانەی فڕێدراونەتە ناو بیرەکەوە کەسانی بێ چەکن چونکە هیچ چەکێک لە بیرەکەدا نەدۆزراوەتەوە. لە دەوروبەری بیرەکەدا پاشماوەی گولـلە هەیە، واتە خەڵک تەقەیان لێ کراوە و فڕێدراونەتە نێو بیرەکەوە. ئەمانە کردەوەی نامرۆڤانەن”.

ئامادەکردن: نورخان کەرخی

En az 10 karakter gerekli