ئیسرائیل کەناڵی جەزیرە دادەخات

ئیسرائیل کەناڵی جەزیرە دادەخات

ئایار 7, 2024 15:57
ئیسرائیل کەناڵی جەزیرە دادەخات
0

لایک

بەرپرسێکی ئیسڕائیل و سەرچاوەیەکی ئەلجەزیرە بە رۆیتەرزییان راگەیاندووە، دوای فەرمانێکی حکومەتی ئیسڕائیل بۆ داخستنی کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلجەزیرە، پۆلیسی ئیسڕائیل هەڵیانکوتاوەتە سەر ژوورێکی هۆتێلێکی ئۆرشەلیم کە لەلایەن ئەلجەزیرەوە وەکو ئۆفیسێکی نافەڕمی بەکارهێندراوە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەک کە لە ئۆنلاین بڵاوبووەتەوە، ئەفسەرەکان کەلوپەلی کامێراکان لە ژووری هۆتێلەکەدا لادەبەن، سەرچاوەکەی ئەلجەزیرە وتی هۆتێلەکە لە رۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بووە.

حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو کەناڵەکەی تاوەکو ئەو کاتەی جەنگەکەی ناو غەززە تەواو دەبێت داخست، ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی کە کەناڵەکە مەترسییە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکە.

ئەلجەزیرە وتی ئەو هەنگاوەی حکومەتی ئیسڕائیل “تاوانکارییە” و ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە گوایە کەناڵەکە مەترسی لەسەر ئاسایشی ئیسڕائیل دروست کردبێت و وتی ” تۆمەتەکان درۆیەکی مەترسیدار و بێمانان ” و ڕۆژنامەنووسەکانیشی دەخەنە مەترسییەوە.

ئەلجەزیرە رەخنەی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسڕائیل گرتووە لە غەززە، لەو ئۆفیسەشییانەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا بەردەوام ڕووماڵی جەنگەکەیان کردووە.

پێشتر ئەلجەزیرە ئاماژەی بەوەدا بوو کە هەوڵەکانی ئیسڕائیل بۆ داپۆشینی ئەرکەکانی ” پەرەسەندنێکە ” و لە سەرەتای مانگی چواردا وتی ” ئەو هەوڵانە بەشێکن لە هێرشە ڕێکخراوەکانی ئیسڕائیل بۆ بێدەنگکردنی ئەلجەزیرە.”

وتیشی بەرپرسانی ئیسڕائیل بە مەبەست چەندین رۆژنامەنووسی ئەلجەزیرەیان کردووەتە ئامانج و کوشتوویانن، لەوانەش سامیر ئەبو دەقە و حەمزە ئەلدەهدوود، کە هەردووکییان لە ماوەی جەنگەکەدا لە غەززە کوژراون. ئیسڕائیل وتوویەتی کە رۆژنامەنووسان ناکوژێت.

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێکس نووسیویەتی ” بە داخەوەین بۆ بڕیارەکەی کابینەکە بۆ داخستنی ئەلجەزیرە لە ئیسڕائیل. میدیای ئازاد و سەربەخۆ زۆر گرنگن بۆ دڵنیابوونەوە لە شەفافییەت و لیپێچینەوە. ئازادی ڕادەربڕین مافێکی مرۆڤی سەرەکییە.”

مانگی ڕابردوو پەرلەمانی ئیسڕائیل یاسایەکی پەسەند کرد کە تێیدا رێگە بە داخستنی کاتی ئەو کەناڵە بیانییانەی ناو ئیسڕائیل دەدات کە وەکو مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی دادەنرێن.

یاساکە رێگە بە حکومەتی ئیسڕائیل دەدات بۆ ماوەی 45 ڕۆژ ئۆفیسەکانی کەناڵەکان لە ئیسڕائیل دابخات، دەکرێت ئەو ماوەیە درێژیش بکرێتەوە.

En az 10 karakter gerekli