ئەمڕۆ وادەی تۆمارکردنی ناوی لایەنە سیاسییەکان و کانیدیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق کۆتایی دێت.
دوای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆماوەی ٧٢ کاتژمێر تۆماری کانیدیدی حزبەکان و لایەنە سیاسییەکانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان درێژکردەوە، ئەمرۆ وادەکە کۆتایی دێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-03-2024، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە میداکانی راگەیاند،
وادەی وەرگرتنی لیستی کاندیدان درێژ ناکرێتەوە، تاوەکو ئێستا هیچ داواکارییەکی فەرمیی بۆ دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کۆمیسیۆن نەکراوە و پابەندن بۆ کردنی هەڵبژاردنەکە لە 10ـی حوزەیرانی داهاتوو.
پارتی و یەکێتی، وەکو ئەوەی جومانە غەلای ئاماژەی پێ کرد، تاوەکو ئێستا لیستی کاندیدانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نەکردووە.
دوای سێ جار لە دواخستنی، بڕیارە رۆژی (10/6/2024) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و هەڵبژاردنەکەش راستەوخۆ لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.