حکومەتی هەرێم: هیچ بیانویەک نەماوە و پێویستە بەغداد ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • حکومەتی هەرێم: هیچ بیانویەک نەماوە و پێویستە بەغداد ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات

حکومەتی هەرێم: هیچ بیانویەک نەماوە و پێویستە بەغداد ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات

ئازار 27, 2024 21:48
حکومەتی هەرێم: هیچ بیانویەک نەماوە و پێویستە بەغداد ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات
0

لایک

ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا جەختی کردەوە، ئەرکی دەستووریی حکومەتی فیدراڵییە کە تەواوکاریی مووچەی مانگی دوو و گشت مووچەی مانگی سێ بنێرێت و چەند بڕیارێکیشی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دەرکرد، لەوانەش بڕیاردرا زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی تا ئێستە سوودمەند نەبوون، دابەش بکرێت و داشکاندنی ڕێژەیەک لە پارەی ئاو و کارەبا و ڕسومات و کرێی شارەوانی و سزاکانی هاتووچۆ و پێبژاردنەکان بکرێ.

رۆژی چوارشەممە 27ـی ئاداری 2024 بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەدا، کە تەوەری سەرەکیی بوو، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، کورتەیەکی دەربارەی دۆخی ئێستەی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق و بە تایبەتیش مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خستەڕوو.

لەمیانەی روونکردنەوەکانیدا، وەزیری دارایی ئاماژەی بە هەموو ئەو رێکار و هەنگاوانە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوویەتی بە ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ و ناردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران، لە ناویشیاندا زانیاریی تایبەت بە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوەکانی ئاسایش کە ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی وردبینی لە لایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە، ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵ کرا، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت لەبەر ئەوەی هیچ پاساو و بیانوویەک نەماوە بۆ خەرج نەکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم.

هەروەها سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هەموومان داکۆکی لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین و ڕێگە نەدەین سازش لە سەر مافەکانمان بکرێت و هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە کە خوازیاری ڕێکەوتنی هاوسەنگانەیە لە نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی دەستوور و هەرێمی کوردستانیش بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەرکە دەستووریەکانی؛ بەم ئاراستەیەش، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردوە و ئیتر دەبێت حکومەتی فیدراڵ ئەرکی دەستووری خۆی جێبەجی بکات لە ناردنی شایستەی داراییەکانی هەرێم بۆ تەواوکاری مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوەکانی ئاسایش بۆ مانگی شوبات و هەروەها مووچەی تەواوی مانگی ئادار و مانگەکانی داهاتووش.

سەبارەت بە پرۆسەی تەوتینکردنی مووچەی هەرێم، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە گرنگیی پڕۆژەی (هەژماری من) كرد کە پرۆژەیەکی پێشکەوتووە و لەژێر سەرپەرشتی و ڕێگەپێدانی بانکی ناوەندیی عێراقە، چەندین خزمەتگوزاریی دارایی و ئاسانکارییەکی زۆریش پێشکەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات کە بەشێکە لە پرۆسەی تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە بڕگەی یەکەم لە کارنامەکە، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دا:-

1. ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بۆ مانگی شوباتی 2024 و ڕاسپاردنی گشت وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی ئاداری 2024 تاوەکو ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ بکرێت بۆ خەرجکردنی. لەبەر ڕۆشنایی بەرپرسیارێتی دەستووریی حکوومەتی فیدراڵ بۆ بەجێگەیاندنی بەڵێنەکانی بۆ مووچەی مانگەکانی شوبات و ئادار و مانگەکانی داهاتوو، لە بەرامبەردا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور جێبەجێ کردووە کە لە دوا هەنگاویشدا ئەمڕۆ 27ی ئاداری 2024 سەرجەم زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوەکانی ئاسایش لە دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە، ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵ کراوە.

2. ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی زەویی نیشتەجێ بەسەر سەرجەم فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشتر سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەویی نیشتەجێبوون.

3. داشکاندنی ڕێژەی (20%) لەسەدا بیست لە بڕی پارەی کرێی ئاو و کارەبای کەڵەکە بوو لەسەر هاووڵاتییان تا ئاساییبوونەوەی باری ناهەمواری دارایی لە هەرێم.

4. داشکاندنی ڕێژەی (20%) لەسەدا بیست لە بڕی پارەی ڕسوومات و کرێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کە دەکەوێتە ئەستۆی کاسبکاران و پیشەوەران تاوەکو ئاساییبوونەوەی باری ناهەمواری دارایی لە هەرێم.

5. کەمکردنەوەی ڕەسمی گومرگی لەسەر ئاژەڵی زیندووی هاوردەکراو بۆ مەبەستەکانی سەربڕین و بەخێوکردن بە ڕێژەی (50%) لەسەدا پەنجا لە ڕەسمی ئێستا و پێویستە لە دوای یەک ساڵ پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.

6. لێخۆشبوون لە تەواوی سزای دواکەوتنی کەڵەکەبوو لەسەر خاوەنکاران، تایبەت بە بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ماوەی (90) نەوەد ڕۆژ بە مەرجێک لەو ماوەیەدا، تەواوی پارەی بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بدات.

7. لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتووچۆ لەسەر هاووڵاتییان بە ڕێژەی (20%) لەسەدا بیستی سزاکانی کۆن و بەردەوام لە دوای دەرچوونی ئەم بڕیارە تا کۆتایی دەوامی ڕۆژی 2024/9/30.

8. پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست لە چوارچێوەی یاساکانی باج بۆ باجدەران لە چین و توێژەکانی کاسبکاران و پیشەوەران و لێخۆشبوون لە تەواوی سزای دواکەوتنی پێدانی باج کە دەکەوێتە ئەستۆی ئەم چین و توێژانە.

9. داشکاندنی ڕێژەی (20%) لەسەدا بیستی کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگا و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرباری ئەو ڕێژەی داشکاندنانەی پێشتر کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە بڕیاریان لەسەر دراوە.

10. پێویستە سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارانە جێبەجێ بکەن.

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە بڕیار و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی تایبەت بە ڕاکێشانی کاش بە دراوی دۆلاری ئەمەریکی کە لەلایەن وەزیری دارایی و ئابووری خرایەڕوو، ئامانج لەم بڕیارانە کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دینارە لەبەرامبەر بەهای دۆلاری ئەمەریکی.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست بۆ بابەتەکە بکەن، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەن بڕیاری پێویستی لێ بدرێت.

En az 10 karakter gerekli