مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ محەەمد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کێشەی مووچە گفتوگۆکم کردووە و پێی وتم چەند رۆژێکی دیکە کێشەکە چارەسەر دەبێت.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە فیستیڤاڵی نەورۆز لە شاری ئاکرێ رایگەیاند، سوپاسی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە لەم دواییانەدا خۆراگربوون بەرامبەر بە کێشە و گرفتەکانی مووچە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام گرفتی هەرێمی کوردستان تەنها مووچە نییە، بەڵکو داخوازی و رێباز، میللەت و وڵاتی ئێمە لە مووچە گرنگترە، لەبارەی ئەو کێشەیەشەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆم کردووە و چەند رۆژێکی دیکە کێشەکان چارەسەر دەبن، هیوادارم ئەم بابەتە چیتر نەبێتە پرس و نەبێتە گرفت بۆ خەڵکی کوردستان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: نەورۆز رۆژێکی مێژوویی و نەتەوەییە و لەم رۆژەدا پەیمان دەدەینە خوای خۆمان و بەڵێن دەدەینە خوێنی شەهیدان کە بەرگری لە ماف و ئازادی و دەستەکەوتەکانی خۆمان و کیانی کوردستان بکەین و رووبەڕووی ستەم و بێدادی و گەندەڵی و نادادی دەبینەوە.