• TEBA KURDİ
  • هەمەڕەنگ
  • پڕۆژەیەکی نوێ بۆ پاسکیلسواران و بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت

پڕۆژەیەکی نوێ بۆ پاسکیلسواران و بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت

تشرینی دووه‌م 26, 2023 22:17
0

لایک

لەسەر شەقامی ١٢٠ مەتری شاری هەولێر پرۆژەی “بایکسۆڵ” لە لایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەخرێتە بواری جێبەجێکردن.

لە راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر کە لە بەرواری ٢٣ـی تشرینی یەکەم ٢٠٢٣ راگەیەندراوە، “بایکسۆڵ، پرۆژەیەکی پایسکیلسوارییە لە هەولێر و بەم نزیکانە لەسەر تەواوی شەقامی ١٢٠ مەتری جێبەجێ دەکرێت.”

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، لەگەڵ تەواو بوونی ئەم رێگایە ڕەهەندی مێژوویی و گەشتیاری و ژینگەیی و وەرزشی بۆ هەولێر زیاد دەکات، هەروەها چەندین سوود و خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات، بەتایبەتی بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە حەزیان لە پایسکیلسوارییە.

پارێزگای هەولێر ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، گرینگیەکی تری ئەم پرۆژەیە ئەوەیە کە رێگاکە بە درێژایی ٤٠ کیلۆمەتر بە پانێڵی وزەی خۆر داپۆشراوە و توانای دروستکردنی ٦٠ مێگاوات کارەبای هەیە و شوێنێکی سێبەرکراو تەرخاندەکات.

ئەمەش لە کاتێکدا باس لەوە کرابوو کە پرۆژەی بایکسۆل کە درێژییەکەی ٤٠ کیلۆمەتر دەبێت  لە دورگەی ناوەندی شەقامی ١٢٠ مەتری  لایەنی تەکنیکی دیزاین کراوە و دوای سەرکەوتنی قۆناغی تاقیکاری بەدرێژی ١٠٠مەتر و داپۆشینی رێڕەوەکەی بە سیستەمی وزەی خۆری بە درێژی ٢٠٠مەتر، ئێستا ئامادەیە بۆ جێبەجێکردن.

هاوکات ئاماژە بەوەکراوە کە تەواوی ئەم پرۆژەیە بە پانێلی وزەی خۆر داپۆشراوە و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی کارەبا و شوێنێکی سێبەر.

هەر بە پێی روونکردنەوەکان، سیستەمی پانێڵی خۆر کە بە تۆڕی کارەبای ناوەندییەوە دەبەسترێتەوە، ٦٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، کە بەسە بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگاوبان و شۆستەکان.

تایبەتمەندی پرۆژەکە بەم شێوەیە رووندەکرێتەوە:

١. یەکەم درێژترین ڕێڕەوی پاسکیلە لە هەرێمی کوردستان-عێراق کە چوارڕێیان و ئۆتۆمبێل و ڕێڕەوی پیادەی تێدا نییە.

٢. هەردوو دیوی ڕێگاکە بە بەربەست پارێزراون بۆ پاراستنی پایسکیلسوارەکان لە رووداوەکانی هاتووچۆ.

٣. بەمەبەستی ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی خەڵک بۆ ڕێگاکە، بۆ پاراستنی سەلامەتی ژیانی هاووڵاتیان و دوورخستنەوە لە مەترسییەوە، هەر دوو کیلۆمەتر جارێک لە ڕێگاکەدا ناوچەی پەڕینەوە دروست دەکرێت.

٤. چاوەرێ دەکرێت ئەم پرۆژەیە لە داهاتوودا بە ڕێڕەوی پاسکیلەکانی دیکەی شارەکەوە ببەسترێتەوە

٥. بۆ زیادکردنی ڕێژەی ئۆکسجین و پاراستنی ژینگە بە درێژایی شەقامەکە ١٦٠ هەزار درەخت دەچێنرێت

ئەندازیار دلۆڤان نەقشبەندی لە لێدوانێکی بۆ میدیا ناوخۆییەکان سەبارەت بەو پڕۆژەیە رایگەیاندووە کە پڕۆژەکە دۆستی ژینگە دەبێت و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ پاسکیلسوارەکان دەڕەخسێنێت، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات بۆ تەواو کردنی ئەم ڕێگایە یەک ساڵ و نیو پێویستە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە پرۆژەکە بە پاڵپشتی کەرتی تایبەت جێبەجێ دەکرێت و هیچ وادەیەکی روونیش نییە بۆ کاتی دەستپێکردنی پڕۆسەی دروستکردنی ڕێگاکە، بەڵام هیوادارن بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت.

ئەندازیار دلۆڤان نەقشبەندی رایگەیاند، لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەکە، بەڕووی خزمەتی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە و ئەوانیش دەتوانن بێ بەرامبەر سوودی لێ وەربگرن و وتیشی، “رێگا ئاساییەکان مەترسیدارن بۆ ئەوانەی پاسکیل لێدەخوڕن، بەم پرۆژەیە سەلامەتی ژیانیان پارێزراو دەبێت”.

ئەمە لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت پرۆژەی بایکسۆڵ ببێتە هۆی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و هاندانی هاووڵاتیان بۆ لێخوڕینی پایسکیل، ئەوەش ڕاگەیەندراوە کە لایەنی ئەرێنی دەبێت لەڕووی بەکارهێنانی سووتەمەنی و کارەبا و پاک و خاوێنی ژینگەوە.

En az 10 karakter gerekli