ئەمڕۆ چوارشەممە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر راگەیاند.
ئومێد خۆشناو لەلێدوانێكیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن سەبارەت بەدابەشكردنی نەوتی سپی وتی: ئامادەكارییەكان بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان كراوەو لەو چەند رۆژەدا دەست پێدەكات.
هەروەها وتیشی: دوێنێ هەموو ئامادەكارییەكان تەواو بوو، وەكو پێشتریش سەرەتا دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان لەناوچە شاخاوییەكاندا دەست پێدەكات، دواتریش دەوروبەری شار و ناو شار دەگرێتەوە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەمساڵ بە پێی ئەو پلانەی كە لەگەڵ یەكە كارگێڕییەكان و پارێزگاكان و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دانراوە،هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە زووتر دەستی پێدەكەین و لە زووترین كاتیشدا دابەش دەكرێن.
ئومێد خۆشناو جەختی لەوەش كردەوە ،بە پێی ئەو پلانەی كە دانراوە، هاووڵاتیانی سەنتەری شار-یش لەوەرگرتنی نەوتی سپی سوود مەند دەبن.