شوفێرەکان دووبارە بۆ دەستکەوتنی بەنزین نۆرە دەگرن

شوفێرەکان دووبارە بۆ دەستکەوتنی بەنزین نۆرە دەگرن

ئه‌یلول 9, 2023 19:03
شوفێرەکان دووبارە بۆ دەستکەوتنی بەنزین نۆرە دەگرن
0

لایک

لە هەولێر(ئەربیل) دووبارە نۆرەگرتن بۆ بەدەستهێنانی بەنزین دەستیپێکرد و شوفێران لە بەرەبەیانەوە دەچنە نۆرەی بەنزین و چەند کاتژمێرێک چاوەڕوان دەبن.

دوای ئەوە لە رێکەوتی ١٠ـی تەمموزی ٢٠٢٣ حکومەتی عێراق بەشی بەنزینی هەرێمی کوردستانی کەمکردەوە، کێشە لە دابینکردنی بەنزین دروستبوو. ئەم هۆکارە وای کرد کە کێشە لە دابینکردنی بەنزین دروستبێت بۆ ماوەی ٢٠ رۆژ.

لەم بارەیەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، “وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەم چەند رۆژەی دواییەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین بە چڕی کاردەکات و بەم پێیە بڕیاردرا بە لە ٣٠ـی تەمموزی ٢٠٢٣ـەوە ڕێگە بە کۆمپانیاکان بدرێت بۆ هاوردەکردنی بەنزین کە هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە ٧١ ملیۆن لیتر بەنزینە و بە هاوردەکردن کێشەکە چارەسەردەکرێت”.

سەرەڕای چارەسەرکردنی کێشەکان و ناردنی بڕە بەنزینی هەرێم لە لایەن بەغدادەوە کێشەی نۆرەگرین بۆ بەنزین بەردەوامی هەیە.

هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە راگەیەندراوێکی دیکەدا لە رۆژی چوارشەممە ٩ـی ئابی ٢٠٢٣ ئاماژە بە یاداشتنامەی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، درا.

ئاماژە بەوە درابوو، لەسەر داوای پارێزگارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان، رێگە بە بەنزینخانەکان درا کە وەکو کۆمپانیاکان بتوانن بەنزین هاوردەبکەن. رێگەی هاوردەکردنی بەنزین لە ئێستادا بەخشراوە بە کۆمپانیاکان و بەنزینخانەکان بە مەرجێک کوالێتی ئەو بەنزینەی هاوردە دەکرێت بەسەندکراوی لیژنەی پشکنینی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بێت.

پێشتریش وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم مۆڵەتی بە کۆمپانیاکان دا بەنزین هاوردەی ناوخۆی هەرێم بکەن و بردنە دەرەوەی بەنزینی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەکرد، ئەوەش لە دوای ئەوەی نرخی لیترێک بەنزین لە بەنزیخانەکانی هەرێم هەزار دیناری تێپەڕاند.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەبارەی کێشەی بەنزین لە ١٢ـی ئاب رایگەیاندبوو، هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن بۆ جێگیرکردنی نرخی بەنزین و بەرزکردنەوەی کوالێتیەکەی. ئێستا دەرگاکانی بازگەکان کراوەن بۆ هەموو ئەو کۆمپانیانەی کە داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ هێنانی بەنزین و لە ماوەیەکی کەمدا وەڵامی داواکارییەکانیان دەدرێتەوە.

لای خۆیەوە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، لە ٢٤ـی ئاب رایگەیاند،  داوامانکردووە سینارییۆی یاسای بودجە لە یاسای نەوت و گاز دووبارە نەبێتەوە. لەسەر پرسی بەنزین داوامان کردووە پشکی هەرێم لە ٧٠٠ هەزار لیترەوە بکرێتە یەک ملیۆن لیتر، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر نرخی بەنزین هەبێت و هەروەها ئەو بڕە پێویستە هەبێت کە بەشی هاووڵاتییان بکات.”

لە ئێستاشدا شوفێران گلەییان لە کوالێتی و نرخی بەنزین هەیە کە سەرەڕای ئەوە چەند کاتژمێرێک نۆرە دەگرن بۆ بەنزین. شوفێران داوای دابەزاندنی نرخ دەکەن و دەیانەوێت کێشەکان چارەسەربکرێت.

En az 10 karakter gerekli