وتەبێژی حکومەتی عێراق لەسەر پشکی هەرێم هاتەدەنگ

وتەبێژی حکومەتی عێراق لەسەر پشکی هەرێم هاتەدەنگ

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی سەرجەم پابەندە داراییەکانی بەرامبەر هەرێم جێبەجیکردووە، بەڵام هەرێم تا ئێستا داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی بەغداد نەکردووە .دەشڵێت، "قەرزەکانی سەر هەرێم گەیشتووەتە سێ هێندەی پشکەکەی."

ئه‌یلول 8, 2023 15:04
وتەبێژی حکومەتی عێراق لەسەر پشکی هەرێم هاتەدەنگ
0

لایک

ئەمڕۆ هەینی، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دووپاتیکردەوە کە عێراق پابەندییە داراییەکانی بەتەواوی بەرامبەر بە هەرێمی جێبەجێکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵی زۆریان داوە بۆ دابینکردنی چارەسەر بۆ کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئەو پارەیەی کە هەرێم قەرزدار بووە گەیشتووەتە سێ هێندەی پشکی هەرێم.
وتیشی، حکومەتی هەرێم پابەندی یاسای بودجە نەبووە داهاتی ناوخۆ و نەوتی رادەستی بەغداد نەکردووە، سەرەڕای ئەوەش، حکومەتی ناوەندی تۆمەتبار دەکات لە کاتێکدا ئەوان هەوڵدەدەن موچەخۆرانی هەرێم باجی پابەندنەبوونی حکومەتەکەیان نەدەن و بە قەرز پارە بۆ دابەشکردنی موچە بنێرن تا کێشەکان چارەسەر دەبن.

لە سەرەتای رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد تا ئێستا دوو ترلیۆن و 298 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەرێم نێردراوە و دوای پابەندبوونی هەرێم بە یاسای بودجە دەبێت هەرێم ئەو قەرزانە پاکتاو بکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغداد و رێکنەکەوتنیان لەبارەی پشکی هەرێمەوە شاندەکەی هەرێم داوایان لە حوکمەتی ناوەندی کرد ئەگەر بە قەرزیش بووە پارەی موچە بۆ هەرێم دابین بکەن و دواتر بەغداد بڕیاریدا 500 ملیار دینار بخاتە سەر هەژماری هەرێم، بەڵام حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیە کەمە و ناتوانن مووچەی پێدابەش بکەن.

بەپێی زانیارییەکانیش، بەغداد داوای لە شاندی هەرێم کردووە سەرجەم داهاتی خاڵە سنوورییەکان رادەستی بەغداد بکرێت و دواتر نیوەی بگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێم، بەڵام هەرێم رازی نەبووە و بەهۆی ئەوەش پشکی هەرێم لە بودجە رەوانە ناکرێت.

En az 10 karakter gerekli