دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە 8ـی ئابی 2023، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا پرۆسەی دابەشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون و کاراکردنی فۆرمەکەی بەشێوەی ئۆنلاین، بۆ ھاووڵاتییانی کەمدەرامەت راگهياند، تاکوو ئەمڕۆ یەكشەممە ١٣ـی ئابی ٢٠٢٣، سێ هەزار و ٣٩٨ خێزان فۆرمیان پڕكردۆتەوە و لە ڕێگای ئەو لینكەی دانرابوو فۆرمەكانیان بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنە و نیشتەجێكردن، ناردووەتەوە.
فۆرمەكە، بەشێوەی سەرهێڵ (Online)ـە، تا 1ـی كانونى يەكەمی ئەمساڵ بەردەستە، واتا پڕكردنەوەی فۆرمەكە و ناردنی بۆ وەزارەت، تا 1/12/2023 دەبێت و پێویستە هاووڵاتییان تا ئەوكاتەی بۆیان دیاریكراوە فۆرمەكەیان ناردبێت.
پرۆژەكە لە دوو بەش پێكهاتووە و ٩ هەزار و چوار یەكەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت، تا ئێستاش بەشی یەكەمی پرۆژەكە ٩٥%ـی تەواو بووە و بەشەكەی تریشی كاركردن تێیدا بەردهوامە، پاش تەواوبوونی پڕكردنەوەی فۆرمەكانیش، یەكەكان بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرێت، ئەمەش بەشێوەی قیستی درێژخایەن، كە بۆ ماوەی 25 ساڵ دەبێت و بێ پێشەكییە و بە قیستی مانگانە دەدرێت بەو هاووڵاتییانەی فۆرمەكەیان پڕكردۆتەوە و مەرجەكان دەیانگرێتەوە.