دادگای باڵای فدیراڵی عیراق بۆ تاوتوێكردنی هەشت سكاڵا كە دژی ماددەكانی یاسای بودجە تۆماركراون كۆدەبێتەوە.
دوو لەو سكاڵایانەش لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق تۆماركراون.
سكاڵاكەی مەسرور بارزانی، لەدژی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقە، كە تیایدا تانە لە بەشێك لە مادە و بڕگەكانی بودجە دراوە، كە تایبەتن بە پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا، لەوانە:
– بڕگەكانی یەكەم و دووەمی مادەی 11، كە تایبەتن بە دیاریكردنی بڕی شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا.
– سێ خاڵی بڕگەی دووەمی مادەی 12، كە تایبەتن بە رادەستكردنی نەوت و شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی نەوت و رادەستكردنی داهاتی نانەوتی و خەرجكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە بەگوێرەی پابەندی بە رادەستكردنی نەوت و داهات.
– بڕگەی حەوتەمی مادەی 13 كە تایبەتە بە چۆنیێتی چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا؛ سكاڵاكە دژی ئەوەیە كە ئەگەر كێشەكە چارەسەر نەكرا، لە پەرلەمانی عێراق یەكلابكرێتەوە.
– خاڵی (ب) لە بڕگەی هەشتی مادەی 13، كە تایبەتە بە پارەداركردنی یەكێك لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە، ئەگەر كاری لەپێشنیەی خەرجكردنی بودجە بۆ مووچە و پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی پارێزگاكان نەبێت.
– لقی (ب)ـی خاڵی پێنجی بڕگەی یەكی مادەی دوو، كە تایبەتە بە خەرجكردنی رێژەی 70%ـی داهاتی زیادەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ كورتهێنانی بودجە و، خەرجكردنی 30%ـی ئەو زیادەی داهاتی نەوت بۆ شایستەی دارایی دواكەوتووی پارێزگاكان.
یاسای بودجەی گشتی لە 12ـی حوزەیران لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق پەسەند كرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەی وەقائیعی عیراقی بڵاوكرایەوە، پارەكەی 198.9 تریلیۆن دینارە و پشكی هەرێمی كوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.