قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم و شاندێکی سەربازیی بەریتانی بە سەرۆکایەتی مارشاڵ سامی سامپسۆن، گەورە راوێژکاری بەرگریی بەریتانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆبووەوە؛ بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکوەزیران، تاڵەبانی جەختی لەوە کردووەتەوە، “نابێت ململانێی حیزبی و کێشە سیاسییەکان کاریگەرییان هەبێت لەسەر جێبەجێکردنی رێڕەوی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە یەکگرتووتر؛ تۆکمەتر و راهێنراوتر بێت”.
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچووە؛ بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، قوباد تاڵەبانی نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخی ئێستا و کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی دەربڕیوە و رایگەیاندووە، “پێویستە هەموو لایەک درک بە هەڕەشە و مەترسییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان بکەن و بەرژەوەندییە باڵاکان نەکەنە قوربانیی بەرژەوەندی حیزبی”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، جێگری سەرۆکوەزیران داوایکردووە، هاوپەیمانان زیاتر هاوکارییان بکەن لە جێبەجێکردنی پلانی چاکسازی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگەدا.