د. شاخەوان عەبدوڵا: رێگە نادەین دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت تاوەکو رێککەوتن لەسەر ماددەی 14 نەکرێت
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • د. شاخەوان عەبدوڵا: رێگە نادەین دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت تاوەکو رێککەوتن لەسەر ماددەی 14 نەکرێت

د. شاخەوان عەبدوڵا: رێگە نادەین دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت تاوەکو رێککەوتن لەسەر ماددەی 14 نەکرێت

حوزه‌یران 10, 2023 10:25
د. شاخەوان عەبدوڵا: رێگە نادەین دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت تاوەکو رێککەوتن لەسەر ماددەی 14 نەکرێت
0

لایک

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی کردەوە کە رێگە نادەن دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت تاوەکو رێککەوتن لەسەر ماددەی 14 نەکرێت.

د. شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان لە ماددەی 14 رایگەیاند: ئێمە رێگە نادەین دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بکرێت تاوەکو رێککەوتن لەسەر ماددەی 14 نەکرێت، هەروەها سازش لەسەر بڕگەکانی ماددەکە ناکەین.

شاخەوان عەبدوڵڵا، راشیگەیاند، “لە دەقی ماددەی 14 هاتووە، ئەگەر کێشەیەک لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەبێت، لیژنەیەک لەنێوان هەردوولا دروست دەکرێت و ئەنجامی کاری لیژنەکە بۆ سەرۆکوەزیران بەرز دەکرێتەوە و ئەو بڕیاری لێدەدات، بەڵام ئەو ماددەی کە ئەوان ویستیان دەنگی لەسەر بدەن ئەسڵییەکە نییە و پێچەوانەیە، ئەوەی کە ئەوان دایانناوە لە ئەگەری بچووکترین کێشە لەنێوان هەردوو حکومەت، لەماوەی 15 رۆژدا بودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت، ماددە دەستکاریکراوەکە بەوشێوەیە کە لە 15 رۆژدا سەرۆکوەزیرانی عێراق ناچار دەکرێت بودجەی خەڵکی کوردستان ببڕێت، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەین دەقە ئەسڵییەکە بڕوات”.

وتیشی: “لە کۆبوونەوەکە ویستیان ماددەکانی دیکە تێپەڕێندرێن تا ئەو ماددەیە چارەسەر دەکرێت، بەڵام ئێمە پێشتر ئەزموونی ناخۆشمان لەگەڵیان هەیە، هەموو ماددەکان تێدەپەڕێنن دواتر ئەوەی تریش بە زۆر تێدەپەڕێنن، بۆیە بڕیارماندا ماددەکانی دیکەش نەڕوات تا رێککەوتن دەکرێت”.

شاخەوان عەبدوڵڵا، روونیکردەوە: “ماددەی 14 بەو جۆرەی هێنرابووە ناو هۆڵی پەرلەمان پێشتر هیچ رێککەوتنێکی لەسەر نەکراوە و لە لیژنەی دارایی دەستکاری کراوە، ئەمەش مەترسیدارە لە دۆزینەوەی هەر بیانویەک دەتوانن مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕن، بۆیە پێمان وتن بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین ئەو ماددەیە بەو جۆرە دەنگی لەسەر بدرێت، لەگەڵ سەرۆکی فراکسۆنە کوردستانییەکان قسەمان کرد، هەموومان لەسەر ئەوە کۆک بووین کە نابێ ماددەی 14 بەو جۆرە تێپەرێنرێت”.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەروەها سەبارەت بە مامەڵەی راستەوخۆی حکوومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگای سلێمانی جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان خاوەن دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری جێبەجێکاری خۆیەتی، لای ئێمە ئەم بابەتە قابیلی قبووڵ نییە و رەتمان کردۆتەوە.

مادەی 14 تایبەتە بە داهاتی نەوت، هەژماری بانکی، دەسەڵاتی خەرجکردن، کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک و نەینەوا و پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران. هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەی مادەکەدا باس لە بەڕێوەبردنی دەروازەکان و مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

En az 10 karakter gerekli