حکومەتی عێراق دەیەوێت باج لەسەر نرخی سووتەمەنی دابنێت، بە جۆرێک 5% باج لەسەر هەر لیترێکی بەنزین دابندرێت، ئەمەش بۆتە هۆی نیگەرانی هاووڵاتییان بە تایبەت شۆفێرانی تاکسی.
حکومەتی عێراق بەپێی پڕۆژە یاسای 2023، بڕیاریداوە، بەرێژەی 5% باج لەسەر هەر لیترێکی بەنزین دابنێت، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەیەوێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی دانانی باج لەسەر سووتەمەنی تاوتوێ بکات و ئاماژە بەوەدەکەن، ” ئەم هەنگاوەی حکومەت مایەی قبوڵ نییە”.
حکومەتی عێراق لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023، ئەم باجە نوێیانەی سەپاندووە، 5% لە داهاتی فرۆشتنی یەک لیتری بەنزین، 10% لەسەر گاز و نەوتی سپی، 15% لەسەر سووتەمەنی هاوردەکراو و 1% لەسەر فرۆشتنی نەوتی رەش، هەروەها لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق بری 25 هەزار دینار بە مەبەستی باجی گەشتکردن لە هەر گەشتیارێکی عێراقی وەردەگیرێت کە گەشت بۆ دەرەوەی ووڵات بکات.