مەسعود بارزانی: نابێت دەستێوەردان لە مافی پێکهاتەکان بکرێت
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • مەسعود بارزانی: نابێت دەستێوەردان لە مافی پێکهاتەکان بکرێت

مەسعود بارزانی: نابێت دەستێوەردان لە مافی پێکهاتەکان بکرێت

ئازار 18, 2023 18:22
مەسعود بارزانی: نابێت دەستێوەردان لە مافی پێکهاتەکان بکرێت
0

لایک

مەسعود بارزانی رایگەیاندووە، بۆ ئەوەی شەرعیەت لە هەرێمی كوردستان نەخرێتە ژێر پرسیار، پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت. لەبارەی شێوازی بەشداریکردنی پێکهاتەکانیش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێڕاق وتی: “نابێت هیچ دەستوەردان لە مافی پێكهاتەكاندا بكرێت.”

ئەمڕۆ شەممە، 18-03-2023، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەلاحەددین میوانداریی ژمارەیەكی زۆر لە باڵیۆز، كۆنسوڵ، نوێنەرایەتیی وڵاتان، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی كرد و نیوەڕۆخوانێكی بۆ سازكردن.

بە گوێرەی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، “لە میواندارییەکەدا سەرۆک بارزانی گوتەیەکی پێشکێشکردووە لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەردانی هەفتەی رابردووی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، هاوکات وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هێما و مانا و بۆنەكانی مانگی ئادار و نەورۆز بۆ گەلی كوردستان هیوای ئەوەی بۆ خواستن كە لە رۆژانی جەژن و پشوودا كاتێكی خۆشیان لە كوردستان هەبێت”.

لەبارەی دۆخی سیاسی و پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵیی عێراق و حكومەتی هەرێم؛ مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەکردووە، “دەرفەتێكی باش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ئارادایە و ئیرادە و خواستێكیش دەبیندرێت بۆ ئەوەی كێشەكان بە لێكتێگەییشتن و بە پشتبەستن بە دەستوور و لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنانە چارەسەربكرێن كە لەنێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت بەستراوە.”

مەسعود بارزانی ئەو سەردانەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بە دەرفەتێکی باش زانیوە بۆ لێکتێگەییشتنی زیاتری نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق.

لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق و بەشداریکردنی پێکهاتەکان مەسعود بارزانی وتی: “بۆ ئەوەی شەرعیەت لە هەرێمی كوردستان نەخرێتە ژێر پرسیارەوە پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت و نابێت هیچ دەستوەردانێک لە مافی پێكهاتەكاندا بكرێت، ئیرادە و سیخەیەكی دیاریكراو بەسەر پێكهاتەكانی هەرێمی کوردستان بسەپێندرێت.”

مەسعود بارزانی وتیشی: “دەبێت رێز لە ئیرادەی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بگیرێت و خودی پێكهاتەكان و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەر سیستەمێک بۆ بەشداریكردنی پێكهاتەكان بە باش بزانن بەلای ئێمەشەوە پەسەند دەبێت.”

بە وتەی بارزانی، تیمە نێودەوڵەتییەکانیش هاوکاری و هەماهەنگییەکی باش بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان. 

بەگوێرەی بارەگای بارزانی، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دەرگەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بۆ ئامادەبووان كرایەوە و سەرۆك بارزانی وەڵامی تێبینی و پرسیاری دیپلۆماتكار و نوێنەرانی وڵاتانی بیانیی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان دایەوە.

En az 10 karakter gerekli