به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممە ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبارێكی راگه‌یاند كه به‌ناوی كاری خێرخوازییه‌وه ده‌ستدرێژی كردبووه سه‌ر ژنێک و دواتریش هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆكه‌ی لێ كردبوو.
پۆلیسی سلێمانی رایگه‌یاند: مه‌فره‌زه‌كانی بنكه‌ی پۆلیسی چوارچرا به‌هاوكاری به‌شی پۆلیسی سه‌یدسادق تۆمه‌تبارێكیان ده‌ستگیر كرد كه ده‌ستدرێژی كردۆته سه‌ر ژنێک و دوای وێنه‌گرتنی هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانی لێ كردووه.
راشیگه‌یاند: دوای تۆماركردنی چه‌ند سكاڵایه‌ک له‌سه‌ر تۆمه‌تبارێک كه له رێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه و به‌ناوی كاری خێرخوازییه‌وه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ژنان و كچاندا دروستكردووه، دواتر یه‌كێک له‌و ژنانه‌ی بێ هۆش كردووه و ده‌ستدرێژی كردۆته سه‌ری و وێنه‌ی گرتووه و هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانی لێ كردووه.
پۆلیسی سلێمانی هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: ده‌ستبه‌جێ هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان بۆ دۆزینه‌وه و ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبار دەست پێ كرد، پاش وه‌رگرتنی بڕیاری دادوه‌ر، مه‌فره‌زه‌كانی بنكه‌ی پۆلیسی چوارچرا به‌هاوكاری به‌شی پۆلیسی سه‌یدسادق توانیان تۆمه‌تبار بدۆزنه‌وه و ده‌ستگیری بكه‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه تۆمه‌تبار (د. ع. ح) له‌دایكبووی 1985 كه پێشینه‌ی تاوانی هه‌یه، دانی به تاوانه‌كه‌یدا ناوه و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەكانی 393 و 430 ڕاگیراوه و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامە.