هاتووچۆی هەولێر: کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە ترافیکلایتەکانیش دادەنرێت
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • هاتووچۆی هەولێر: کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە ترافیکلایتەکانیش دادەنرێت

هاتووچۆی هەولێر: کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە ترافیکلایتەکانیش دادەنرێت

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
هاتووچۆی هەولێر: کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە ترافیکلایتەکانیش دادەنرێت
0

لایک

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر(ئەربیل) رایگەیاند، کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە داهاتوودا لە ترافیکلایتەکان دادەنرێت بۆ تۆمارکردنی چوار سەرپێچیی دیکە لەنێو ترافیکلایتەکان.

رۆژی سێشەممە 31-01-2023، فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لەبارەی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی ناسراو بە “خاڵ بۆ خاڵ” بە میدیایێکی ناوخۆیی راگەیاندووە، “لە داهاتوودا ئەو کامێرایانە لە ترافیکلایتەکان دادەنرێن بەمەبەستی تۆمارکردنی چوار سەرپێچی، ئەوانیش؛ لێدان لە چرای سوور، راوەستانی ئۆتۆمبێل لەسەر هێڵی پەڕینەوەی پیادە لەکاتی چاوەڕوانی، سەرپێچیی چوونە دەستەڕاست لەنێو ترافیک کە دەبنە هۆی گرتنی رێگە و پێشگرتنی ئۆتۆمبێلەکان بۆ ئەوەی خێرا دەربچن کە کێشە بۆ سووڕانەوە لەنێو ترافیکەکان دروستدەکات، لەگەڵ تۆمارکردنی زیادکردنی خێرایی بۆ دەرچوون لە ترافیکلایت کە لە کاتەکانی کەمی دوایی یان گۆڕینی رەنگی چراکان پەیڕەو دەکرێت”.

فازڵ حاجی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا کامێراکە لەسەر ترافیکلایتی چوارڕێیانی مەخموور جێگیرکراوە، بەڵام هێشتا کار ناکات و وتیشی، “کەی کەوتە کار ئەو کات شۆفێران ئاگاداردەکرێنەوە، بەڵام لە داهاتوودا لە شوێنەکانی دیکەش دادەنرێن”.

لەبارەی تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی وەکو نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی و بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن کامێراکانەوە؛ فازڵ حاجی ئاشکرای کرد، “ئێستا ئەو کامێرایانەی دانراون، تەنیا تیژڕۆیی تۆماردەکەن، کامێراکان خەسڵەتەکانی تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی وەکو بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن شۆفێران و نەبەستنی قایشی سەلامەتی تێدایە و دەتوانن ئەو کارە بکەن، چونکە وێنە دەگرێت، بەڵام ئێستا تەنیا تیژڕۆیی تۆمار دەکرێت، دیار نییە لە داهاتوودا ئەو سەرپێچییانەش تۆماردەکرێن یان نا”.

جێی باسە، 18ـی ئەم مانگە، هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ کە تێکڕای خێرایی لەنێوان دوو کامێرا تۆمار دەکات، لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر لەنێوان شەقامی کەرکوک بۆ شەقامی بنەسڵاوە لە هەردوو سایدەکە دەکەوێتە کار.