وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەولێر(ئەربیل) رایگهیاند، ئامانج لە دانانی سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ پێش هەرشتێک بۆ رێكخستنی هاتووچۆ و “كەمكردنەوەی رووداوەكان و قوربانیدانی هاووڵاتیانە” و راهێنانی شۆفێرانی هەرێمە، راشیدەگەیەنێت، “ئەو كامێرایانەی لە سیستەمی خاڵ بۆ خاڵدا دادەنرێن زۆر پێشكەوتووترن لە كامێراكانی پێشووتر کە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی خێرایی دانراون”.
فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەولێر، لەبارەی دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ، كه ناڕهزایی زۆری لای هاووڵاتیان دروستكردووه، رایگهیاند، “ئامانج لە دانانی سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ پێش هەرشتێک بۆ رێكخستنی هاتووچۆ و كەمكردنەوەی رووداوەكان و قوربانیدانی هاووڵاتیانە و راهێنانی شۆفێرانی هەرێمە لەسەر چۆنییەتی بەكارهێنانی رێگاوبانەكان بەشێوەیەكی سەلامەت و شارستانی”.
وتیشی، “ئەو كامێرایانەی لە سیستەمی خاڵ بۆ خاڵدا دادەنرێن زۆر پێشكەوتووترن لە كامێراكانی پێشووتر کە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی خێرایی دانراون، كە تەنیا دەتوانن كۆنترۆڵی خێرایی شۆفێر لە خاڵێكدا بکات، ئەوەش ئەو کاتەی کە دەگەیشتە بەردەم كامێرای تۆماری خێرایی و دواتر دیارنەبوو چۆن رەفتاردەكات و تا چەند تیژڕۆیی دەكات، بەڵام ئەم سیستەمە نوێیە كە لە نەوەیەكی نوێی تەكنەلۆجیا پێكهاتووە، بەشێوەیەكە لەنێوان دوو كامێرادا دەتوانرێت ئەوە بزانین شۆفێران لەو كاتەدا لەو چەند كیلۆمەترەی تێدەپەڕێت چۆن رەفتاریان كردووە، ئایا پابەندی یاسا و رێنماییەكانی هاتووچۆ بوون یان نا”.
بهپێی راگەیەندراوێکی میدیای فهرمی حكومهتی ههرێم، لە چەند ناوچەیەکی هەولێر و سلێمانی ئەو سیستەمە بە زوویی دەکەوێتە کار و لە داھاتووشدا ئەو سیستەمە بە فراوانی لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێم جێگیر دەکرێت.