كۆنگره‌ی دووه‌می به‌غداد له عه‌مانی پایته‌ختی ئوردن كۆتایی به كاره‌كانی هێنا و سه‌رجه‌م وڵات و لایه‌نه به‌شداربووه‌كانی كۆنگره‌ش پشتیوانی خۆیان بۆ سه‌قامگیری و سه‌روه‌ری عێراق دووپاتكرده‌وه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 20ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، دوای كۆتاییهاتنی كاره‌كانی كۆنگره‌ی دووه‌می به‌غداد، له به‌لاغی كۆتایی كۆنگره‌كه‌دا به‌رده‌وامی كۆنگره‌كه و به‌ستنی خولی سێیه‌م له داهاتوودا دووپاتكرده‌وه كه دواتر به راوێژكردن شوێن و واده‌كه‌ی دیاریده‌كه‌ن.
ده‌قی به‌لاغی كۆتایی كۆنگره‌ی دووه‌می به‌غداد:
له‌ژێر رۆشنایی بڕیاری كۆنگره‌ی به‌غداد كه له 28ـی ئابی 2021 ئه‌نجامدرا، له‌سه‌ر داواكاری شا عه‌بدوڵڵای دووه‌می كوڕی حوسێن، شای ئوردن دوای هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئیمانوێڵ ماكڕۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، شانشینی ئوردنی پێشوازی له كۆنگره‌ی دووه‌می به‌غداد بۆ هه‌ماهه‌نگی و هاوبه‌شی له رۆژی 20ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022 له ناوچه‌ی ده‌ریای مردوو كرد.
به‌شداربووان له كۆنگره‌كه سوپاسگوزاری خۆیان ئاراسته‌ی وڵاتی ئوردن كرد بۆ پێشوازیكردن و رێكخستنی ئه‌م كۆنگره‌یه، هه‌روه‌ها هه‌ردوو وڵاتی ئوردن و عێراق سوپاسی رۆڵی هه‌ماهه‌نگی فه‌ره‌نسایان كرد له ده‌ستپێكردنی كۆنگره‌ی به‌غداد و به‌شداریكردنی له هه‌ردوو خوله‌كه‌یدا.
بەشداربووان بەردەوامیی کارەکانیان دووپات کردەوە بۆ بنیاتنانی دەرئەنجامەکانی یەکەم دانیشتنی کۆنفرانسی بەغداد و بەردەوامبوون لە هاوکاریكردنی عێراق بۆ پشتیوانی لە ئاسایش، سەقامگیری، سەروەری، پرۆسەكانی دیموکراسی و دەستووری و هەوڵدان بۆ گفتوگۆكردن وەک رێگەچارەسەر بۆ ناكۆكییه هه‌رێمییه‌كان. هاوکات پشتیوانی خۆیان بۆ عێراق دووپاتکردەوە لە رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئاڵنگارییه‌كان، لەوانەش ئاڵنگاری تیرۆر، کە عێراق قوربانی زۆریداوه و به هاوکاری نێودەوڵەتی و ناوچەیی سەرکەوتنی مێژوویی له‌و رووه‌وه بەدەستهێناوه. هه‌روه‌ها بەشداربووانی كۆنگره‌ی دووه‌می به‌غداد ئیدانەکردنی توندڕەوی و تیرۆر بە هەموو شێوەکانییەوە دووپاتكرده‌وه.
هه‌روه‌ها به‌شدابووان پشتیوانی خۆیان بۆ عێراق دووپاتكرده‌وه لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی دەستوور و یاسا و بەهێزکردنی حوکمڕانی و بنیاتنانی دامەزراوەكان كه توانای بەردەوامی پێشکەوتن، ئاوەدانکردنەوە، پاراستنی تواناکانی و جێبەجێکردنی خواستەکانی گەلەکەی هه‌بێت.
بەشداربووانی كۆنگره‌ی به‌غداد پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەوڵەکانی عێراق دووپاتكرده‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی پێشكه‌وتنی هه‌مه‌لایه‌نه و کارکردن بۆ بنیاتنانی ئابوورییه‌كی یه‌كگرتوو، هه‌روه‌ها هاوکاریكردنی له سێكته‌ره‌كانی دیكه‌دا، لەوانە ووزە، ئاو، پێكبه‌ستنه‌وه‌ی کارەبا، ئاسایشی خۆراک و تەندروستی، گەیاندن، پرۆژەكانی ژێرخانی و پاراستنی کەشوهەوا.
لەم چوارچێوەیەدا ئاماده‌بووانی كۆنگره‌كه، جەختیان لەسه‌ر گرنگی میکانیزمی هاوکاری سێ قۆڵی نێوان ئوردن، میسر و عێراق و ئەو پڕۆژە ئابوورییانە کردەوە کە لەو چوارچێوەیه‌دا رێککەوتنی لەسەرکراوە، لەوانەش پڕۆژەی پێكبه‌ستنه‌وه‌ی تۆڕه‌كانی کارەبای لە نێوان ئه‌و سێ وڵاته‌دا. هەروەها جەختیان لە گرنگی پڕۆژەی هاوکاری نێوان وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاری کەنداو و عێراق کردەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی پێكبه‌ستنه‌وه‌ی تۆڕه‌كانی کارەبا و هێله‌كانی گواستنەوە، هەروەها پڕۆژە هەرێمییەکانی دیکە کە رۆڵیان ده‌بێت له گه‌شه‌سه‌ندن و به‌هێزكردنی ئابووری، هه‌روه‌ها ببێته پردێک له‌گه‌ڵ بازاڕه جیهانییەکان، کە کاریگەری ئەرێنی لەسەر هەموو ناوچەکە دەبێت.
به‌شداربووانی كۆنگره‌ی به‌غداد دووپاتیانكرده‌وه كه به‌ستنی ئه‌م كۆنگره‌یه بۆ خولی دووه‌م ده‌ربرینی په‌رۆشییه بۆ عێراق تا رۆڵی ناوه‌ندی خۆی بگێرێت له فراوانكردنی هه‌ماهه‌نگی ئابووری هه‌رێمی، ئه‌نجامدانی گفتوگۆی هه‌رێمی بۆ كۆتاییهێنان به ناكۆكییه‌كان.
هه‌روه‌ها وڵات و لایه‌نه به‌شداربووه‌كان له كۆنگره‌کە جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه، کە گەیشتن بە گەشەسەندنی ئابووری و سەرکەوتنی پڕۆژەکانی هه‌ماهه‌نگی هه‌رێمی په‌یوه‌سته به بنیاتنانی پەیوەندی بنیاتنەر له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه لەسەر بنەمای بنەماکانی دراوسێیەتی باش، دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ، رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان، قبوڵكردنی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییه‌كان و هاوکاریكردن لە چەسپاندنی ئاسایش، سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دابینكردنی خۆشگوزەرانی.
بەشداربووان كۆنگره‌ی دووه‌می به‌غداد تاوتوێی کاردانەوەی قەیرانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کرد لەسەر عێراق و ناوچەکە و دووپاتیانكرده‌وه کە زاڵبوونیان به‌سه‌ر كاریگه‌ریی ئه‌و قه‌یرانانه پێویستی بە هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی گشتگیر هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی ناوچەكه له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی ئابووری و سیاسیی کاریگەر لەسه‌ر بنه‌مای بەرژەوەندی هاوبەش، وه‌ک پاڵپشتییه‌ک بۆ پڕۆسەی گەشەپێدان لە عێراق هه‌روه‌ها رۆڵیشی ده‌بێت له گەشەپێدانی ناوچەكه.
سه‌رجه‌م وڵاتان و لایه‌نه به‌شداربووه‌كان جەختیان لە گرنگی ئه‌نجامدانی خولی سێیه‌می كۆنگره‌ی به‌غداد کردەوە، کە به رێكخستنی عێراق و فەرەنساوه دەستیپێکرد و وڵاته‌كانی ئوردن، ئیمارات، ئێران، بەحرەین، تورکیا، سعودییە، عومان، قەتەر، کوێت و میسر تێیدا به‌شداربوون له‌گه‌ڵ كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی، رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی، ئەنجومەنی هه‌ماهه‌نگی كه‌نداو، نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەورووپا. هه‌روه‌ها رێککەوتن لەسەر ئه‌نجامدانی خولی سێیەمی كۆنگره‌ی به‌غداد كه له داهاتوودا له‌باره‌ی شوێن و واده‌كه‌ی رێككه‌وتن بكرێت.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، وڵاتی ئوردن سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ به‌شداری چاڵاكانه‌ی سه‌ركرده، نوێنه‌ری وڵاتان و رێكخراوه به‌شداربووه‌كان له كۆنگره‌ی به‌غداد راگه‌یاند كه ئه‌مه‌ش دووپاتكردنه‌وه‌ی په‌رۆشی ئه‌و لایه‌نانه بۆ هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌ژێر رۆشنایی ئاڵنگارییه‌كان كه كاری هاوبه‌شی به‌رنامه بۆ داڕێژراوی كردووه‌ته پێویستییه‌كی زۆر له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان و رێگه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو بۆ به‌ده‌ستهێنانی خواستی گه‌لان بۆ بنیاتنانی داهاتوویه‌كی باشتر كه ئاسایش، سه‌قامگیری، خۆشگوزه‌رانی و پێشكه‌وتنی زیاتر له خۆبگرێت.