وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە بەردەوامی گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم، پڕۆژەی رێگەی وارماوا – ناوتاق – دەربەندیخان، بەگوژمەی زیاتر لە 7 ملیار دینار جێبەجێ دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، “پڕۆژەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 18-12-2022 لەلایەن دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە، بەردی بناغەی بۆ دانرا”.
ئاماژە بەوەشکراوە، “پڕۆژەکە یەکێکە لەو سێ داواکارییەی ھاووڵاتییان و ئیدارەی سنوورەکە، کە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەڵێنی دابوو جێبەجێی بکات و خۆی لە دروستکردن و قیڕتاوکردنی رێگەی وارماوا – ناوتاق – دەربەندیخان بە درێژایی 22 کیلۆمەتر و لەسەر بودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەگوژمەی 7 ملیار و 404 ملیۆن و 250 هەزار دینار جێبەجێ دەکرێت”.
ئەوەش خراوەتەڕوو، “ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە دوای تەواوکردنی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان بوو و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا پڕۆژەیەکی دیکە لە ناوچەکە کە خۆی لە قیڕتاوکردنی رێگەی دووڕیانی ژاڵەناو لە دەربەندیخان دەبینێتەوە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت”.
ئەم پڕۆژەیە جگە لەوەی کاریگەری لەسەر کارئاسانی ھاتووچۆ و دابینکردنی رێگەیەکی سەلامەت بۆ ھاووڵاتییان و کەمبوونەوەی رووداوەکانی ھاتووچۆ لە سنوورەکە دەبێت، ھاوکات لەڕووی گەشتیاریی و ئابوورییەوە رۆڵی ئەرێنی دەبێت بۆ ناوچەکە”.