مەسعود بارزانی بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرایەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • مەسعود بارزانی بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرایەوە

مەسعود بارزانی بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرایەوە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:41
مەسعود بارزانی بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرایەوە
0

لایک

لە یەکەمین رۆژی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، مەسعود بارزانی بە سەرۆکی حزب هەڵبژێردرایەوە، هەروەها نێچیرڤان بارزانی بە جێگری یەکەم و مەسرور بارزانیش بە جێگری دوەمی سەرۆکی پارتی هەڵبژێردران.

14ـهەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بۆ یەکەمجارە لە شاری دھۆک بەڕێوەدەچێت، سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و زیاتر لە ھەزار ئەندام تیایدا بەشدارن.

بەپێی یەکەم رۆژی کارنامەی 14هەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پڕۆسەی ھەڵبژاردن بۆ سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی حزب بەڕێوەچوو کە تیایدا مەسعود بارزانی بە سەرۆکی حزب ھەڵبژێردرایەوە.

ھاوکات ھەریەک لە نێچیرڤان بارزانی بە جێگری یەکەم و مەسرور بارزانی بە جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵبژێردران.

لە میانی 14هەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ھەڵدەبژێردرێن و دەنگیش بە پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەدرێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەی 12 ساڵە کۆنگرەی نەبەستووە و دوایین کۆنگرەی خۆی کەکۆنگرەی 13هەمین بوو لە مانگی کانوونی یەکەمی 2010دا بەستبوو.

لە مانگی ئابدا، ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە لە ئۆرگانەکانی پارتی ئەنجامدرا و زیاتر لە 600 ھەزار ئەندام مافی دەنگدانیان ھەبوو کە 800 ئەندام بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی ١٤ی پارتی ھەڵبژێردران، جگە لە ئەندامانی ھەڵبژێردراو بەپێی پەیڕەوی کۆنگرە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی بەبێ دەنگدان دەبنە ئەندامی کۆنگرە، ھەروەھا لەسەدا 25ی ئەندامانی کۆنگرەش دەبێت ئافرەت بن.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەبێت ھەر چوار ساڵ جارێک، حزبەکە کۆنگرەی خۆی ببەستێت، بەڵام بەھۆی شەڕەکانی دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، کۆنگرەی 14ـهەمینی پارتی دواکەوت.