چیرۆکی سەیری مزگەوتێک لە تورکیا (وای دابنێ خواردم)

چیرۆکی سەیری مزگەوتێک لە تورکیا (وای دابنێ خواردم)

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
چیرۆکی سەیری مزگەوتێک لە تورکیا (وای دابنێ خواردم)
0

لایک

مزگەوتی “وای دابنێ خواردم” لە گەڕەکێکی بچووکی ئیستانبوڵ، چیرۆکێکی سەیری هەیە کە سەرنجی هەموولایەکی بەلای خۆیدا راکێشاوە.

چیرۆکەکە لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە کاسبکارێک بە ناوی خەیرەددین کێچەزادە ئەفەندی کە باری دارایی مامناوەند بووە، دوای ئەوەی سەرنج دەدات کە پاشاکان مزگەوتی ناوازە دروست دەکەن، خولیای ئەوەی بۆ دروست بووە کە ئەویش مزگەوتێک دروست بکات. دوای ئەوەی ئەو بیرکردنەوەیەی لەلا دروست دەبێت، گەورەترین ئاواتی ژیانی دەبێتە دروستکردنی مزگەوتێک.

لە کاتێکدا چ باری دارایی و چ باری ژیانی گونجاو نەبوونە بۆ دروستکردنی ئەم مزگەوتە، هەرچەندە دەوروبەری زۆر پێیان وتووە “وەرە واز لەو خواستە بێنە” بەڵام وازی لە حەزەکەی نەهێنا. لەم کاتەدا تاکە چارەسەر بۆ دروستکردنی ئەم مزگەوتە لە گرتنەوەی خواستەکانی نەفسی دۆزیوەتەوە. بۆ ئەمەش هەرکاتێک دڵی شتێکی بویستایە دەیوت “وای دابنێ خوارم” و پارەکەی لەلایەک پاشەکەوت کردووە.

دوای ١٠ ساڵ لە کۆکردنەوەی پارە بەمشێوەیە، دەتوانێت بڕی دارایی پێویست بۆ دروستکردنی مزگەوتەکە کۆبکاتەوە. بە دیاریکردنی شوێنێک لە ناوچەی زەیرێک لە فاتیح بۆی، دەتوانیت مزگەوتەکەی تیادا دروست بکات و بگاتە ئامانجەکەی.

لەوماوەیە تاکو ئێستا هەرکەسێک خەیرەددین کێچەزادە ئەفەندی ناسیبێت یاخود نا، دەماو دەم و بە باسکردنی ئەم چیرۆکە، ناوی مزگەوتەکە بە “وای دابنێ خواردم” ناوزەند دەکرێت.

مزگەوتەکە لەمیانی جەنگی جیهانی یەکەمدا، ئاگرێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە و بەشێکی گەورەی مزگەوتەکە زیانی بەردەکەوێت.

لە ساڵی ١٩٥٩ دوای ئەوەی بینای مزگەوتەکە بەشێوەیەکی مەتروک دەمێنێتەوە، بە کۆکردنەوەی پارە لەلایەن دانیشتووانی گەڕەکەکە نۆژەندەکرێتەوە.

لە ئێستادا دیوی ناوەوەی مزگەوتەکە ١٠٠ مەتر دووجایە و نزیکەی ٢٠٠ کەس خواپەرستی تیادا ئەنجام دەدات. مزگەوتەکە خاوەن یەک مینارەی سپییە.

سەرەڕای ئەوەی مزگەوتەکە خاوەنی تەلارسازییەکی سادەیە، بەڵام تاکو ئەمڕۆمان ناوبانگی ماوەتەوە، جگە لە خشتە نوسراوەکان لەسەر محرابی مزگەوتەکە کە نوێ دەردەکەوێت، بەڵام تاکو ئێستا شێوە راستەقینەکەی لەدەست نەداوە.

ئامادەکردن: نورخان کەرخی