زۆربوونی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر

زۆربوونی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
زۆربوونی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر
0

لایک

دوای ئەوەی لە بازاڕی کڕین و فڕۆشتنی خانووبەرە خواست لەسەر یەکەی نیشتەجێبوون زیادیکرد، وەبەرهێنەرانیش بۆ زیادکردنی دابینکردن هەستان بە پەستان خستنەسەر دروستکردنی پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبوون .

هەولێر کە لەسەر بنچینەی پیشەسازی نەوت توانیویەتی ناوی لە مێژووی ئابووری تۆماربکات، توانیویەتی دەستکەوتە داراییەکانی لە کەرتی گەشتیاری و هێلی ئاسمانی بەدەستبهێنێت . هەروەها شاری هەولێر بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەنگی لە جیهانی ئابووری داوەتەوە و تیایدا سەرکەوتنێکی بێوێنەی تۆمارکردووە .

دوای ئەوەی رێژەی دانیشتووان لە هەولێر یەکجار رووی لە هەڵکشانکرد . شارەکە واژۆی گەورەی لە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون کرد . هێمن هەینی، بەرپرسی راگەیاندنی دەستەی وەبەرهێنانی سەربەخۆ تایبەت بە پرسی زیادبوونی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر و پلانەکان لەمبارەیەوە بۆ تەبا دوا .

هێمن هەینی لەمیانی ئاماژەدان بە گرنگی کەرتی وەبەرهێنان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، ” دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان پێویستە، ئەگەر پێویست نەبووایە بازاڕی خانووبەرە بەمشێوەیە نەدەبوو . بوونی کەرتی وەبەرهێنان و دروستکردنی خانووبەرە گرنگییەکی زۆری بۆ هەریمی کوردستان هەیە . لە کەرتی دروستکردنی خانوو و باڵەخانەی نیشتەجێبوون ناتوانین تەنها سەیری باڵەخانەکان بکەین، پێویستە سەیری بازاڕ بکەین چونکە ئەو پارەیەی لەو بازاڕەدا دەخولێتەوە رێژەکەی یەکجار زۆرە، جگە لەمەش بوونی ئەمجۆرە کارانە هەلێکی باشی بۆ ئەو کەسانە رەخساندووە کە لەم کەرتە کاردەکەن “.

هەینی تایبەت بە پرسی زۆری نرخی کرێ وتی، ” ئەگەر بێت و باس لە گرنگی یەکەی نیشتەجێبوون و باڵەخانەی نیشتەجێبوون بکەین، ئێمە ١٠٠ بۆ ٢٠٠ هەزار کرێنشینمان هەیە، بەتایبەت کرێنشینان بەدوای یەکەی نیشتەجێبوون دەگەڕێن . لە کاتێکدا کە بڕی کرێ بەمشێوەیە زۆرە، کەواتە دروستکردنی شوققە بۆ کرێنشینان پێویستە “.

” بەگوێرەی ساڵانی رابردوو پێدانی مۆڵەت بۆ دروستکردنی پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبوون کەمیکردووە “


هەینی ئاماژەی بەوەکرد، ” بەتایبەت لەماوەی ٣ ساڵی دواییدا لە کابینەی نۆیەمی حکومەت، پێدانی مۆڵەت بە دەستەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و باڵەخانەی نیشتەجێبوون سنووردار کراوە . پێدانی مۆڵەتی بەرێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە “. وتیشی :

” ئەگەر بێت و سەیرێکی ٣ ساڵی رابردوومان بکەین لە گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تەنها ١٣ پڕۆژە مۆڵەتی دروستکردنی پێدراوە . حکومەت دەیەوێت ئەم کەرتە رێکبخاتەوە، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە . لە ئێستادا دەبینین بە تایبەت لە هەولێر بە رێژەیەکی زۆر باڵەخانەی نیشتەجێبوون دروستدەکرێت . ئەمەش پێویستە پلان بۆ پرسی چۆنییەتی نیشتەجێبوون، خزمەتگوزاری و هاتن و چوون دابرێژرێت . بە تایبەت بۆ ئەو باڵەخانەی نیشتەجێبوونانەی کە لە ناوەندی شار دروستدەکرێت، ئەمانە لە داهاتوودا پەستانێکی زۆر لەسەر هاتووچۆ دروستدەکات، حکومەت پێویستە ئەمانە رێکبخاتەوە . بەگوێرەی ساڵانی رابردوو پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون کەمتر رێگەی پێدەدرێت . هەرکەسێک بیەوێت مۆڵەت بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون وەربگرێت ئەوا زۆر بەربەستی بۆ دێنە پێش . بەگوێرەی زانیارییەکانی من، بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بەربەستی زۆر دەخرێنە بەردەم کەسەکە “.

هەینی باسی لەوەکرد کە خزمەتگوزارییەکان لەلایەن جێبەجێکارانی پڕۆژەکانەوە دەستەبەر دەکرێت وتیشی، ” خزمەتگوزارییەکان لەلایەن پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە دابیندەکرێت . بە تایبەتیش خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وڵات . لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا کە دۆخی بوونی ئاو سستە، بۆیە ئەو شوێنانەی کە کێشەی ئاو و کارەبای هەبێت ئەوا بە هیچ شێوەیەک رێگای پێنادرێت پڕۆژەی لەسەر دروستبکرێت . ناتوانین بڵێین خزمەتگوزاری ناگات بەو شوێنانە، بەڵام پێویستە پڕۆژەکان رێکبخرێنەوە “.

دوای ئەوەی لە بازاڕی کڕین و فڕۆشتنی خانووبەرە خواست لەسەر یەکەی نیشتەجێبوون زیادیکرد، وەبەرهێنەرانیش بۆ زیادکردنی دابینکردن هەستان بە پەستان خستنەسەر دروسکردنی پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبوون .

” پێویستە ئامادەکاریی بۆ ئەو قەرەباڵغیە بکەین کە لە شەقامەکاندا دروست دەبن “

هێمن هەینی، بەرپرسی راگەیاندنی دەستەی وەبەرهێنانی سەربەخۆ تایبەت بە بوونی کێشەی هاتووچۆ لە هەندێک لە ناوچەکانی هەولێر بەهۆی زیادبوونی ژمارەی پڕۆژەکانی باڵەخانەی نیشتەجێبوونەوە، وتی :

” لە ئێستادا لەسەر رێگای کۆیە، ٦٠ مەتری، ٣٠ مەتری و ٤٠ مەتری رێژەی جەنجاڵی و قەرەباڵغی زۆرە . یەکەم رێگاچارە بۆ کەمکردنەوەی ئەم جەنجاڵییە، دەبێت حکومەت یاخود کۆپمانیاکان ئۆڤەرپاسو ئەندەرپاس دروستبکەن، تەنها ئەو رێگاچارەیە هەیە و هیچ رێگایەکی دیکە بوونی نییە . بۆ نموونە ئەو شەقامانە، شەقامی ٤٠ مەتری دادەخرێت . ئەگەر سەیرێکی شەقامی گوڵان بکەین، شوققەکانی زەکەریا، بۆلیڤارد، کوین تاوەرز، پارک ڤیو و لە بەرامبەریشدا گوڵان تاوەرز بوونی هەیە، لە ئەگەری ئەم هەموو چوونە ژوورەوە و دەرچوونانە، شەقامەکە جەنجاڵی دەکەوێتە ناو و هاتووچۆی تیادا دەوەستێت . پێویستە پلانێک هەبێت بۆ ئەم بابەتە، وەزارەتی پلاندانان پێویستە چارەسەرێک بۆ ئەم کێشانە بدۆزێتەوە . بە تەئکید ئەگەر بێت و مۆڵەت بە دروستکردنی ئەم باڵەخانانەی نیشتەجێبوون بدەیت، دەبێت بیر لەو کێشانە بکەیتەوە کە لەماوەی ١ ساڵ بۆ ٢ ساڵ دێتە سەر رێگامان و شەقامەکان تاچەند توانای قبوڵکردنی ئەو پەستانە زۆرەی هاتووچۆیان هەیە “.

بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی کڕین و فڕۆشتنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، مایکی تەبامان بۆ راوێژ بورهان، بریکاری خانووبەرە لە هەولێر درێژکرد و پرسیارەکانمان ئاڕاستەی ناوبراو کرد .

” داواکریی نەبێت، دروستکردنی پڕۆژەکانیش نابێت “

لە وەڵامی پرسیاری ( لەئێستادا کۆمەڵێک پرۆژەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکرێت، بەبۆچوونی ئێوە هەبوونی ئەم هەموو پرۆژەیە کاریگەریی سلبی و ئیجابی چییە؟ ) ، راوێژ بورهان وتی :
” بە دڵنیاییەوە هەبوونی ئەو هەموو پڕۆژەیە کاریگەریی ئەرێنییان هەیە، چونکە هەموو ئەو پڕۆژانە لەسەر ئەساسی داواکاری دروستدەکرێت، ئەگەر داواکاری نەبێت ئەم پڕۆژانەش دروست ناکرێت . بازاڕ خوێندنەوەی بۆ کراوە کە پێویستی بەو داواکارییانە هەیە . لە راستیدا ئەم داواکارییانەش لە ئەنجامی گەورەبوون و فراوانبوونی شار دێنە ئاراوە، هەروەها ئەم فراوانبوونەش بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ و سەردەمیانە بێت باشترە لەوەی لەسەر شێوازی نارێکی وەکو تەجاوزات دروست ببێت . لەگەڵ ئەوەش لە بڕی ئەوەی شار بەشێوەی ئاسۆیی ( پان ) ببێت و گەورە بێت، باشترە بەشێوەی ستوونی بێت و شوققەکان دروستبکرێت و خەڵکێکی زیاتر لەخۆ بگرێت، ئەو فراوانبوونەوەی شار بەم شێوە پرۆفیشناڵە بێت باشترە “.

راوێژ بورهان ئاماژەی بەوەکرد کە بازاڕی خانووبەرە پەیوەست کراوە بە دۆخی سیاسی و وتی، ” بازاڕی خانووبەرە لە ئێستادا لەگەڵ بارودۆخی سیاسی ناوچەکەدا هەستان و دابەزین دەکات، ئەگەر بێت و هەواڵێکی باش و گشتگیر هەبێت ئەوا بازاڕ باشە، بە پێچەوانەوەش لە ئەگەری بوونی هەواڵێکی خراپ ئەوا بازاڕیش خراپ دەبێت . وە لە ئێستادا کڕیاری ناوخۆیی زیاترن بۆ کڕین و فڕۆشتن، هاوکات خواست لەسەر کرێ لەلایەن عەرەبەوە زیاترە “.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ” بەگشتی پڕۆژەکان بەپێی خزمەتگوزاری خواستی زیاتریان لەسەرە، کامیان خزمەتگوزاری زیاتر و باشتر بێت ئەوا خواستی زیاتری لەسەرە، بەڵام بە گشتی شوققە خواستی زیاتری لەسەرە چونکە بەبۆنەی ئەوەی نرخی شوققە کەمترە و خەڵک زیاتر دەتوانێت بیکڕێت “.

” تاکو خواست لەسەر کرێ هەبێت، دروستکردنی پڕۆژەکان بەردەوامیی دەبێت “

ئەم بریکارەی خانووبەرە لە وەڵامی پرسیاری ” بەبۆچوونی ئێوە هەولێر لەرووی پلاندانان و ژێرخانییەوە پێویستی بەو هەموو پرۆژەی نیشتەجێبوونە هەیە؟ ” وتی :
بەڵێ، پێویستییەتی هەتا ئەو کاتەی خواست لەسەر کرێ هەبێت، لە ئێستادا

هەندێک پڕۆژە هەیە ئەگەر داوای بکەیت لەو شوێنە شوققەیەک بەکرێ بگریت، ئەوا پێویستە ٣ مانگ چاوەڕوانبیت تاکو کەسێک چۆلی دەکات و تۆ بچیتە جێی، بۆیە دووبارەی دەکەمەوە، هەتا ئەم خواستە لەسەر کرێ هەبێت بەڵێ پێویستە .