“بەگوێرەی ساڵی رابردوو، ئەمساڵ رێژەی تاوان کەمتر ئەنجامدراوە “
  • TEBA KURDİ
  • Uncategorized
  • “بەگوێرەی ساڵی رابردوو، ئەمساڵ رێژەی تاوان کەمتر ئەنجامدراوە “

“بەگوێرەی ساڵی رابردوو، ئەمساڵ رێژەی تاوان کەمتر ئەنجامدراوە “

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
“بەگوێرەی ساڵی رابردوو، ئەمساڵ رێژەی تاوان کەمتر ئەنجامدراوە “
0

لایک

تاوان یەکێکە لە وشە هەرە باوەکانی سەرزاری مرۆڤایەتی گوێبیستی دەبین، مێژووەکەی لەگەڵ مێژووی مرۆڤایەتی سەریهەڵداوە و بۆ چەندین جۆر پۆلێندەکرێت، لەوانە : کوشتن، بریندارکردن، هەڕەشە، دزین، هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵگا و چەندینی تر کە هەموویان بریتین لە لادان لە یاساکانی ئاسمان و زەوی کە بۆ بەرژەوەندییەکانی مرۆڤ دانراون .

تایبەت بە پرسی مۆڵەتی چەک و دیاردەی چەکداری، وەزارەتی ناوخۆ چەند رێنماییەکی بۆ کۆمپانیا ئەمنییەکان دەرکردووە کە بریتین لە :
پێویستە ئەو چەكەی موڵەتی پێ‌ دەدرێت، تەنها لە كاتی ئەركی فەرمی كارمەندی كۆمپانیای ئەمنی بەكاربهێنرێت و هەڵگرتن و بەكارهێنانی چەك لە دەرەوەی ئەركی پاسەوانی بەبێ‌ موڵەت ئەژماردەكرێت و بەپێی یاسای چەكی بەركار رێكاری یاسایی بەرامبەر وەردەگیرێت .
ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، نابێت كارمەندی كۆمپانیای ئەمنی چەكی پاسەوانی موڵەت پێدراو بباتە دەرەوەی كۆمپانیا لە دەرەوەی سنووری ئەركەكەی . پێویستە كارمەندی كۆمپانیای ئەمنییش ئەم مەرجانەی خوارەوە تیادا هەبێت بۆ وەرگرتنی موڵەتی چەک :

١ – كارمەندی كۆمپانیای ئەمنی تەمەنی لە ( ٢٨ ) ساڵی كەمتر و لە ( ٥٠ ) ساڵ زیاتر نەبێت .
٢ – سزا نەدرابێت بە تاوانێک یان كەتنێكی ئابڕووبەر، بە پشتگریی بەرێوەبەرایەتی بەڵگەكانی تاوان .
٣ – كەمئەندام یان نەخۆشی دەروونی نەبێت یان كێشە لە چاوەكانی نەبێت بە شێوەیەک كە نەتوانێت چەک بەكاربهێنێت بە پشتگریی راپۆرتی لێژنەی پزیشكی .
٤ – پڕكردنەوەی فۆرمێكی موڵەتی چەک تایبەت بە زانیاری كارمەندی كۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەكان بەپێی فۆرمی پاشكۆی ژمارە ( ٢ ) ی ئەم ڕێنماییە .

بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، كۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەكان بۆ كارمەندەكانیان تەنیا دەتوانن ئەم جۆرە چەكانە دابینبكەن :
١ – چەكی ئاگرین ( دەمانچه‌ ) قەبارەی فیشەكەكانی لە ( ٩ ملم ) زیاتر نەبێت .
٢ – چەكی ئاگرین قەبارەی فیشەكەكانی لە ( ٣٩ × ٧ . ٦٢ م ) زیاتر نەبێت .
٣ – قەدەغەیە لەسەر كۆمپانیای ئەمنی چەكی ئاگرینی بێ‌ دەنگ ( كاتم ) و چەگی ئاگرین لە جۆری ( قەناس ) بەكاربهێنێت .

رێژەی تاوان ئامارێکە کە دەتوانرێ پۆلێنبکرێت بەگوێرەی کات و شوێن گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئێمەش وەکو هەفتەنامەی تەبا، چاوپێکەوتنمان لەگەڵ هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر تایبەت بە رێژەی تاوان و پلانەکانی دەسەڵات و هەوڵەکانیان لەپێناو پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییانی هەولێر ( ئەربیل ) ئەنجامدا و ناوبراو بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەکانمانی دایەوە :

رێژەی تاوان لە ساڵی 2022 بەکوێ گەیشتووە و ئامارە هەنووکەییەکان چیمان بۆ دەردەخەن؟

ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر خۆتان دەزانن لەکاتی روودانی هەر تاوانێک ئێمە رێڕەوی یاسایی دەگرینەبەر و هێزەکانمان دەچنە شوێنی تاوانەکە بۆئەوەی هەرکەسێک کە تاوانی ئەنجامدابێت دەستگیریبکەن یاخود هەر کەسێک تاوانی ئەنجامدابێت شوناسنامەی دیاریبکرێت و رێڕەوی یاسایی لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر .

بەگوێرەی ئەو ئامارەی لەبەردەسمان دایە، لە ١ / ١ / ٢٠٢٢ تاکو ٣٠ / ٦ / ٢٠٢٢ زیاتر لە ٣٣٧٥ داوای یاسای لە بنکەکانی پۆلیس و نووسینگەکانی نەهێشتنی تاوان داوای یاسایی تۆمارکراوە لەو ژمارەیەش ٢٩٦١ داوای یاسایی یەکلایی کراوەتە واتە : تۆمەتبار دەستگیرکراوە و رێڕەوی یاسایی گیراوەتەبەر و پەڕاوەکان رێکخراوە و رەوانەی دادگە کراون تاکو بەسزای خۆیان بگەن . هەروەها، لەو نێوەندەدا ئەگەر بەشێوەی رێژەیی سەیری بکەین ٨٨ ٪ـی ئەو داوا یاساییانەی کەوا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە ئێمە کۆتاییمان پێهێناوە و یەکلاییمان کردووەتەوە . وە لەو ٣٣٧٥ داوا یاساییەی کە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە ٤٧٧٧ تۆمەتبار دەستگیرکراوە و رێڕەوی یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر . بەڵام ئێوەش دەزانن کە هەولێر بەوە بەناوبانگە کە شارێکی ئارامە و هەموو پێکهاتەکان و هەموو ئەو خەڵکەی سەردانی شاری هەولێر دەکەن بە دڵنیایی و ئارامەوە سەردانی شارەکە دەکەن تا ئەوکاتەی دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، ئەمەش وای کردووە کە هەولێر ببێتە ناوەندێک لە تەواوی عێراق تاکو ژیانێکی یاساییانە و خۆشگوزەرانی بەسەر ببەن .

ئایا رێژەی تاوان بەگوێرەی پارساڵ بەرزبووەتەوە یاخود بە پێچەوانەوە رووی لە کەمبوونەوە کردووە؟


ئەگەر بێت و رێژەکە بەراورد بکەین بە ساڵی پار، ئەمساڵ رێژەی تاوان کەمتر ئەنجامدراوە، چونکە پارساڵ زیاتر لە ١٠٩٦٥ داوای یاسایی تۆمارکراوە بەڵام ئەمساڵ تەنها لە ٦ مانگدا ٣٣٧٥ داوای یاسایی تۆمارکراوە . واتە رێژەی تاوان کەمیکردووە لە شاری هەولێر، ئەگەر بێت و بەراورد بکەین لە حالەتی کوشتن ئەوا لە شاری هەولێر لەماوەی ٦ مانگدا تەنها ٢٢ کەس کوژراوە و ٢٢ تاوانی کوشتن ئەنجامدراوە . وە پۆلیسی هەولێر ١٨ دۆسیەی تاوانی کوشتنی یەکلایی کردووەتە و تەنها ٤ دۆسییەی تاوان ماوە ئەمیش لەژێر دەستی پۆلیسە و دوای تەواوبوونی رێکارەکان رێڕەوی یاسایی بەرامبەر تاوانباران دەگیرێتەبەر . دەمەوێ جەخت لەوە بکەمەوە کە زۆرجار کەسانێک تاوان ئەنجام دەدەن و دێن لە شاری هەولێر خۆیان حەشاردەدەن، ئێمە وەکو بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر زیاتر لە ١٣٠ تۆمەتبارمان دەستگیرکردووە و رەوانەی ئەو شوێنەشمان کردووە کە داوای یاساییان لەسەر تۆمارکراوە . لێرەوە روونیبکەمەوە راستییەک هەیە و ناگۆڕێت، ئەویش ئەوەیە، کەسێک ئەگەر نییەتی تاوانی هەبێت، تاوانی خۆی ئەنجامدەدات جا چ بە چەک بێت چ بە چەقۆ بێت یان هەر ئامرازێکی قورس یاخود رەق بێت ئەوا بەهۆی ئەنجامدانی تاوانەوە پۆلیس دەستگیریدەکات، زۆرجار کەسانێک نییەتی ئەنجامدانی تاوانیان نییە پۆلیس دەستگیری ناکات، بەڵام کەسێک ئەنجامیبدات ئەوکات رێڕەوی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر .

رێکارەکان لە بەرامبەر بڕیاری قەدەغەی هەڵگرتنی چەکی بە مۆڵەت و بێ مۆڵەت بەکوێ گەیشتووە؟

دەربارەی چەک، ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رێڕەوی خۆمان بەرامبەر هەرکەسێک دەگرینەبەر ئەگەر چەکی بەمۆڵەت یاخود بێمۆڵەت لە شوێنە گشتییەکان هەڵبگرێت، چونکە ئەو چەکە بە مۆڵەت بێت یان بێ مۆڵەت هەرکات ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت، هەرکەسێک کە مۆلەتی چەک بەدەستدێنێت بۆئەوەیە کە سەر و ماڵی خۆی بپارێزێت و لە شوێنی تایبەت بەکاریبهێنن و داینێت، بۆ ئەوە نییە لە شوێنە گشتیەکاندا هەڵیبگرێت، هەر کەسێکیش دژی ئەو بڕیارانەی لە وەزارەتی ناوخۆ و یاخود ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم دەردەچێتن، ئێمە وەکو پۆلیسی هەولێر گیانفیداییانە هەموو رێنماییەکان جێبەجێ دەکەین لەسەر ئەو کەسانەی کە پێشێلی رێنماییەکان دەکەن .

جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی حکومەتی هەرێم تا چ راددەیەک بووەتەهۆی زیاتر کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ئەمنیی لە پارێزگای هەولێر؟

بەراستی دۆخی ئەمنیی ئێستای پارێزگای هەولێر بەشێوەیەکی زۆر رێکوپێک دەگیرێتەبەر، ئەو رێنمایی و بڕیارانەی لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆوە دەربچێت ئەوا بەبێ دوودڵی و گیانفیداییانە جێبەجێی دەکەین، چونکە ئێمە لایەنێکی جێبەجێکارین و هەر بڕیارێک لەسەروو خۆمانەوە بێت ئێمە بەشێوەیەکی رێکوپێکانە و بێ یەک و دوو بێ دوودڵی جێبەجێی دەکەین، ئەو بڕیارانەش کاریگەری ئەرێنی دەبێت و رێژەی تاوان لەدوای جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە تاڕاددەیەک کەمتر دەبێتەوە .