موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی تۆمارە دەنگیەکەی نوری مالکی رایگەیاند، ئامۆژگاری ئەوەی دەکات واز لە کاری سیاسی بهێنێت و لەبەردەم خوا و ئیمامەکانی شیعە و گەلی عێراق تەوبە بکات، دەشڵێت، “داوا دەکەم ئەم ئاگری فیتنەیە لەلایەن سەرکردەی کوتلە سیاسییەکان بکوژێنرێتەوە”.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ دوشەممە بڵاویکردەوە،”باوکم وتویەتی، مردنم دڵخۆشیییە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل، منیش دەڵێم کوشتنم دڵخۆشییە بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا و تیرۆرستان و گەندەڵکاران، بەڵام سەیرە ئەم هەڕەشەیە لە (حزبی دەعوە)ی و لە پێش هەمویانەوە نوری مالکی کە لە لایەنی شیعیەوەیە”.
ئاماژەی بەوەشکردوە، “داوا دەکەم ئەم ئاگری فیتنەیە لەلایەن سەرکردەی کوتلە سیاسییەکان و سەرۆک عەشیرەتەکان سەرکۆنە بکرێت و بکوژێنرێتەوە”.
سەدر لە درێژەی پەیامەکەیدا باسی لەوەکردوە،”مالیکی لەو تۆمارە دەنگییەدا هێرش دەکاتە سەر هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعنی بە ترسنۆک ناودەبات، و بانگەشە بۆ دروستکردنی فیتنە و کوشتنی شیعە بە دەستی شیعە دەکات، لە تۆمارەکانی داهاتوشدا هێرش دەکاتە سەر مەرجەعیەت”.
دەشڵێت،” ئامۆژگاری مالیکی دەکەم دەستبەرداری کاری سیاسی بێت و خۆی بداتە دەست لایەنە دادوەرییەکان و لەبەردەم خوا و گەلی عێراق و مەرجەعیەت تۆبە بکات”.
سەدر خۆی بێبەری دەكات لە هەر جۆرە دەستدرێژی و توندوتیژییەک دژی مالیكی و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە دوورنییە لایەنی سێیەم هەوڵی روودانی ئەوە بدەن و لەو دۆخەشدا “سەدر بەرپرسیار نییە”.
لە تۆمارە دەنگییەكاندا كە تا ئێستا چواریان بڵاوكراونەتەوە و باس لە بڵاوكردنەوەی تۆماری دەنگیی دیكەش دەكرێت، نوری مالیكی باس لەوە دەكات كە سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق پشتیان پێنابەسترێت و موقتەدا سەدر دەیەوێت شەڕ بنێتەوە، “بۆیە ناچارم بەرگری لە خۆم بكەم و بۆ ئەو مەبەستەش سەرگەرمی پێكهێنانی شانەی چەكدارم”.