سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین: دکتۆر کاوان رەزامەندی نیشانداوە کە قوتابییەکە دەوام بکات
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین: دکتۆر کاوان رەزامەندی نیشانداوە کە قوتابییەکە دەوام بکات

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین: دکتۆر کاوان رەزامەندی نیشانداوە کە قوتابییەکە دەوام بکات

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین: دکتۆر کاوان رەزامەندی نیشانداوە کە قوتابییەکە دەوام بکات
0

لایک

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین رایگەیاند، سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین و کۆلێژی یاسا رەزامەندییان نیشانداوە کە قوتابیە بکوژەکە دەوام بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی 6ـی 2022، ئەنجومەنی زانکۆی سەڵاحەدین کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی کوژرانی دکتۆر کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسا و دکتۆر ئیدریس حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری ئەنجامدا. دوای کۆبوونەوەکە دکتۆر کامەران یونس محەمەد ئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین و ئەندامانی ئەنجومەن کۆنفرانسیکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا.

هاوکات لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین وتی، “دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانکۆ چەند بڕیاریکمان دەرکرد. یەکەم: بۆ بەرز راگرتنی گیانی پاکی ئەم دوو شەهیدە. داگرتنی ئاڵای زانکۆ و ئاڵای گشت کۆلێژکان بۆ ماوەی 3 رۆژ. دووەم: راگرتنی گشت چاڵاکییەکانی  زانکۆ و کۆلێژەکان تەنها تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم نەبێ کە لە ئێستادا تەنها دوو تاقیکردنەوە ماوە لە دوو کۆلێژ”.

شایەنی باسە دکتۆر کامەران یونس وتیشی، “وەکو سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین داوا دەکەین ئەو کەیسە دوانەخرێت و بەزووترین کات تاوانبار بێتە دادگا و هەقی خۆی وەربگرێت. ئێمەش وەکو زانکۆی سەڵاحەددین تیمێکی پارێزەران پێکدەهێنین. ئەمە بابەتی سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدینە نەوەک بابەتێکی تایبەت بە دوو بنەماڵە”.

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ئەوەشی وت، “هەروەها دووپاتی دەکەینەوە کە گیانی گشت مامۆستایان و قوتابییان و فەرمانبەران پارێزراو دەبێت . ئەو رێنماییانە هەیە زیاتر پابەندیان دەبین”.

لەبارەی پرۆسەی وەرگرتنی قوتابییەکە لە زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر کامەران یونس رایگەیاند، “قوتابی ناوبراو یاداشتێکی داوەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا. وەزارەت بە نووسراوێک یاداشتەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەددین کردووە. سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدینیش ئاراستەی راگرایەتی کۆلێژی یاسا کردووە. دواجار بە یاداشتێک دکتۆر کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای رەزامەندی داوە و لاری نییە کە قوتابی تاوانبار لە زانکۆی سەڵاحەدین دەوام بکات”.

لەبارەی پشکی وەزارەتی خویندنی باڵا لەبارەی پڕکردنەوەی ئەو دوو ساڵەی کە قوتابی لە خویندن دابراوە، دکتۆر کامەران یونس وتی، “قوتابییەکە دوو ساڵە لە خوێندن دابڕاوە و بۆیە یاسایەک یاخود رینماییەک هەبێ کە ئەم دوو ساڵە چۆن بۆی هەژمار بکرێت. ئەمەش لە دەسەڵاتی زانکۆ نییە و بەڵکو لە دەسەڵاتی خوێندنی باڵایە. لە 7ـی 3ـی 2021 نوسراویان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا لەلایەن زانکۆوە کراوە کە لارییان نییە لە وەرگرتنی قوتابییەکە. خوێندنی باڵا لە 12ـی 1ـی 2022 کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە و بە رێگەی لێژنەیەک بریاری داوە کە لە مانگی 4ـی ساڵی 2022ـەوە قوتابی بۆی هەیە چ لە زانکۆی سەلاحەددین یاخود زانکۆی سۆران دەوام بکات”.

دوێنێ سێشەممە 28ـی 6ـی 2022، قوتابییەک بە چەک هێرش دەکاتە سەر حەرەمی کۆلێژی یاسا و دکتۆر کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسا و فەرمانبەریکی کۆلێژەکە دەکاتە ئامانج. دوای هەوڵی پزیشکی دکتۆر کاوان ئیسماعیل کۆچی دوایی کرد.

دواتر قوتابییەکە بەسەر ماڵی دکتۆر ئیدریس حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری دادەدات و بە چەک دەیکوژێت. دوای رووداوەکە بە ماوەیەکی کەم ئاسایسی هەولێر وێنەی بکوژەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە ناوبراو دەستگیرکراوە.