بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەئەنجامی لادانی شەمەندەفەرێک لەسەر هێڵی ئاسنینی خۆی لە ناوەڕاستی ئێران لانی کەم 10 کەس مردن و 20 ی دیکەش برینداربوون.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەمەندەفەرێک کە لە گەشتێکدا بووە لەنێوان شاری مەشهەد و یەزد لە نزیک شاری تەرابلوسی ناوەڕاستی ئێران لەسەر هێڵی ئاسنینی خۆی لایداوە لەئەنجامدا 10کەس مردوون و 20 ی دیکەش برینداربوون کە برینی ژمارەیەکیان سەختە”.
لای خۆشییەوە، مەهدی وەلی پور، سەرۆکی دەستەی رزگارکردن و بەهاناوەچوونی مانگی سووری ئێرانی رایگەیاندووە، “شەمەندەفەرەکە لە حەوت فارگۆن پێکهاتووە، بەهۆی پێدادانی یەکێک لە فارگۆنەکان لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی “حەفارە” پێکیایانداوە لە ئەنجامدا سێ فارگۆن لەسەر هێڵی خۆی لایانداوە و رووداوەکەی لێکەوتووەتەوە”.
جەختیشیکردوەتەوە،” تیمی تایبەت نێردراون بۆ رزگارکردنی ئەو هاووڵاتیانەی لە شوێنی رووداوەکەدا ماونەتەوە”.