وەزارەتی کشتوکاڵ: پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنم 400 هەزار تۆن بێت
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • وەزارەتی کشتوکاڵ: پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنم 400 هەزار تۆن بێت

وەزارەتی کشتوکاڵ: پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنم 400 هەزار تۆن بێت

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
وەزارەتی کشتوکاڵ: پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنم 400 هەزار تۆن بێت
0

لایک

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەبارەی رێژەی گەنمی ئەمساڵ و چەند بابەتێکی دیکە ئەنجامدا و تیایدا چەند پرسیارێکی ئاڕاستەکرا.

دەقی پرسیارە ئاڕاستەکراوەکان و وەڵامی د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو:

  • هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە پێویستی بە چەند گەنم هەیە و هەرێمی کوردستانیش بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک ساڵانە پێویستی بە چەند گەنم دەبێت؟

د. زێدا محەمەد: بە گوێرەی ئەو راپۆرتەی بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی 2004 پێشبینی کراوە هەر تاکێک لە عێراقدا ساڵانە پێویستی بە 192 کیلۆ گرام دانەویڵە لە جۆری گەنم هەیە، بۆ ئەوەی کە پێداویسیتیەکانی ڕۆژانەی خۆی پێ پڕبکاتەوە. ئێمەش بە گوێرەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ئەگەر وای دابنێین کە دانیشتووانی هەرێم 6 ملیۆن کەسە، کەواتە لە ساڵێکدا پێویستیمان بە زیاتر لە یەک ملیۆن تون گەنم دەبێت، تاوەکو بگەینە ئاستی ئاسایشی خۆراک لە ڕووی نیشتیمانییەوە.

  • کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لەسەر بەرهەمی ئەمساڵی گەنم چی بووە و پێشبینی دەکەن بەرهەمی گەنم چەند بێت؟

د. زێدا محەمەد: بەرهەمی گەنم جیاوازە لە ساڵانی رابردوو، بەهۆی وشکەساڵییەوە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمەکە کەمببێتەوە. بۆ ئەم بابەتەش راپۆرتێمکان ئامادە کردووە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە بە ناوچە رێژەی زیانەکانی وشکەساڵیمان دیاری کردووە. زۆرترین ئەو ناوچانەشی زیانی پێگەیشتووە لەڕووی بەرهەمی گەنمەوە، گەرمیان بە پلەی یەکەم دێت، کە وشکەساڵی تەواو لەو دەڤەرە ڕاگەیاندراوە، هەروەها لە پارێزگای هەولێریش ئەو ناوچانەی کە باران بارینی تێدا مسۆگەر نییە وەک (گوێڕ- دیبەگە – مەخموور) و بەشێک لە ناوچەی قوشتەپە کە بەتەواوی بەرهەمی گەنمیان لەناوچووە، لە دهۆکیش ناوچەی (سێمێڵ – بەردەڕەش) زۆرترین زیانیان بەهۆی وشکەساڵییەوە بەرکەوتووە. بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستاش دروێنەی گەنم بەردەوامە، بۆیە ئەوانە هەمووی پێشبینین، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە تێبینی دەکرێت لە ٨٥% پێشبینیەکانمان راست بن، بۆیە ڕێژەی گەنمی بەرهەمهاتوو بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمە، ئەمەش بەهۆی وشکەساڵی و کەمی باران بارینە. بۆیە ئەو گەنمەی لە هەولێر دەچێندرێت زیاتر لەو ناوچانە دەچێندرێت کە دێمین و زیاتر پشت بە باران دەبەستن، باران بارینی ئەمساڵیش لەکاتی خۆیدا نەبووە، ئەگەر بارانێکی زۆریش باری بێت پچڕپچڕ بووە و سوودی بۆ پێگەیشتنی گەنم نەبووە. ناتوانین پێشبینی بەرهەمهێنانی گەنم بکەین، بۆیە ئەوەی ساڵانی پێشوو گوتراوە داتای ڕاست نەبوون.

  • ساڵی ڕابردوو ڕێژەی بەرهەمهێنانی گەنم چەند بووە لە هەرێمی کوردستان؟

د. زێدا محەمەد: ساڵی ڕابردوو ئەو ڕێژە گەنمەی کە حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستانی دانا بوو بۆ ئەوەی لەلایەن سایلۆکانی حکومەتی فیدراڵەوە وەربگیرێن، بریتیی بوو لە 375 هەزار تۆن، بەڵام لەو بڕە تەنیا 126هەزار تۆن گەنم بە سایلۆکانی فیدراڵ درا، ئێمە ناڵێین بەرهەمی گەنم 126هەزار تۆن بووە، لەوانەیە زۆرێک لەو گەنمە جوتیارەکان خۆیان ئاڵوگۆڕیان پێکردووە، لە بازاڕی ڕەشدا و نەدراوە بە سایلۆکان، بۆ ئەمساڵیش دەتوانین پێشبینی بکەین بە هەمان شێوەی ساڵی رابردوو بێت، چونکە ساڵی رابردووش بەهەمان شێوە لەژێر کاریگەری وشکەساڵی بووین، بۆیە پێشبینی دەکەم بەرهەمی گەنمی ئەمساڵمان لە نێوان 300 بۆ 400 هەزار تۆن بێت، بەو رێژەیەی کە رادەستی سایلۆکان دەکرێت، یان لەلای جوتیارەکان دەمێنێتەوە.

  • لە هەرێمی کوردستان چەند جوتیار هەن و گەنمی داچێندراوی ساڵانە چەند؟

د. زێدا محەمەد: لە هەرێمی کوردستان 38 هەزار و 948 جوتیار هەن، بۆ ئەمساڵیش دوو ملیۆن و 599 هەزار و 580 دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە لە کۆی 3 ملیۆن و 593 هەزار پارچە زەویی کشتوکاڵی.

  • نرخی گەنمی وەرگیراوی جوتیاران بۆ ئەمساڵ چەندە؟

د. زێدا محەمەد: ئەمساڵ گەنمی وەرگیراو بە نرخی 850 هەزار دینار دەبێت بۆ هەر تۆنێك، ئێستا جگە لە سایلۆکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر 20 سایلۆ و لە سلێمانیش 12 سایلۆی دیکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنم دروستکراون و ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

1ـی حوزەیرانی 2022