نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەمیانی وتارێکیدا لە ئەنجومەنی ئاسایش چەند پرسێکی گرنگی گرتەدەست و دۆخی سیاسی عێراق و رێککەوتنی شنگال لەو پرسانە خۆیان بینیوەتەوە.
جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە وتارێکدا لە ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر چەند پرسێک قسەی کرد. لەبارەی دۆخی سیاسیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، “هەرێمی کوردستان یەک بژاردەی لەبەردەمدایە کە دەبێت گۆڕەپانی سیاسیی بۆ هەموو لایەک کراوە بێت. کێشەی نێوخۆی و نەبوونی یەک دەنگی لە هەرێمی کوردستان زیانی هەبووە. پێویستە هەرێمی کوردستان لە دابەشبوونی ناوچەی سەوز و زەرد کۆتاییبێت”.
تایبەت بە پرسی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر(ئەربیل) لەلایەن ئێرانەوە پلاسخارت ئاماژەی بەوەدا، ئێران هیچ “بەڵگەیەکی نییە” کە قسەکانی بسەلمێنێت لەوەی کە “بنکەی ئیسرائیل” کرابێتە ئامانج لە هەولێر. وتیشی، “هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر هەولێر مەترسیداربوو و ناڕەوایە”.
لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق و پێکنەهێنانی حکومەتی عێراقەوە بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت مانگ. پلاسخارت باسی لەوەکرد کە عێراق له گێژاوێکی سیاسی دایه رێز له واتا دەستوورییەکان نەگیراوه و نابێت گەندەڵکارانیش له سزا رزگاریان بێت. دەبێت سیاسییەکانی عێراق چارەسەری دۆخەکە بکەن.
هەرلە وتارەکەیدا پلاسخارت تایبەت بە پرسی شنگال دوا و ئاماژەی بەوەکرد، “ئاستەنگ بۆ دانیشتووانی شنگال دروست دەکرێت و رێککەوتنی شنگال بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەم ناوچەیه زۆر گرنگه، كه تا ئێستاش ئهو رێككهوتنه جێبهجێ نهكراوه. دهبێت دۆخێکی ئارام بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال بهێنرێته ئاراوه، لهكاتێكدا ههندێک تێکدەری بیانی دۆخی شنگالیان تێکداوه و ناوچەکە بووهته گۆڕەپانێک بۆ تێکدەران، بهو هۆیهشهوه جارێکی دیکه خهڵكی شنگال روویان له ناوچهكانی دیكهی هەرێم کردووەتەوه”.