دەست بە كارەكانی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر كرا
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • دەست بە كارەكانی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر كرا

دەست بە كارەكانی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر كرا

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
دەست بە كارەكانی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر كرا
0

لایک

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-05-2022 بە ئامادەبوونی ساسان عەونی, وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دەست بە كارەكانی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر(ئەربیل) كرا كە لەگەڵ ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (جایكا) جێبەجێ دەكرێت.

لە كۆبوونەوەیەكدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە دوای كۆشش و كاری جددیی بەردەوام، دەست بە هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر دەكرێت و سوپاسی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد كە لە چەندین بواری جیاوازدا هاوكار و پاڵپشتی حكومەتی هەرێمن و بەشێكی ئەو هەماهەنگییانە لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەكرێن، هیواشی خواست ئەم هەماهەنگییە بەردەوام بێت و كار و پرۆژەی زیاتری لێ بەرهەم بێت.

ساسان عەونی داوای لە تیمەكانی حكومەت كرد كە لە ئەركی هەمواركردنەوەكە بەشدارن، دڵسۆزانە كارەكەیان بكەن و پابەندی كات بن و هەست بەو بەرپرسیارییەتییە بكەن كە لە ئەستۆیانە، چونكە ماستەرپلان بۆ چەندان ساڵی داهاتوو رێڕەوی شار دیاری دەكات.

كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی شیگیهیکۆ سوگیتا، بەڕێوەبەری ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی جایکا لە ژاپۆن، تاکیۆ ئۆچی، راوێژکاری تەکنیکی جایکا لە ژاپۆن، یو یۆشیدا، نوێنەری جایکا لە بەغداد، کاوۆری کۆننۆ، راوێژکاری پڕۆژەکان لە بەغداد، ئامۆژگار حەوێزی، بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پڕۆگرامەکانی جایکا لە عێراق، کۆزۆ ئۆنۆ، راوێژکاری پڕۆژەکان لە کوردستان، جەلال محمد، بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پڕۆگرامەکانی جایکا بەڕێوەچوو.

هەروەها لەلایەنی حكومەت ژمارەیەک راوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیران، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی، جێگری پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتیی و بەڕێوەبەر لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و چەند وەزارەتێكی دیكەی پەیوەندیدار ئامادە بوون.

سەرەتای ئەمساڵ، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (جایكا) لێكتێگەیشتنی پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێریان بەشێوەی مینحە واژۆكرد كە هەولێر لە رێگەی ئەم پرۆژەیەوە، لە رووی شارسازی و چەندان سێكتەری گرنگەوە، دەخاتە قۆناغێكی نوێی گەشەسەندنەوە.

هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر، جیا لە رێكخستنەوەی گەشەی شار، لایەنی ژینگەپارێزی و بەرزكردنەوەی رێژەی سەوزایی خاڵی گرنگن كە رەچاوی كراوە.