“٥٠٠ خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە کەمپی جدعە لە نەینەوا”
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • “٥٠٠ خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە کەمپی جدعە لە نەینەوا”

“٥٠٠ خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە کەمپی جدعە لە نەینەوا”

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد نزیکەی ٥٠٠ خێزانی عێراقی کە زۆربەیان ژن و منداڵن لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە کەمپی جدعە لە نەینەوا.

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
“٥٠٠ خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە کەمپی جدعە لە نەینەوا”
0

لایک

فوئاد حسێن لە میانی بەشدارییکردنی لە کۆبوونەوەی وەزاریی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش کە لە شاری مەراکیش لە مەغریب بەڕێوەچوو، بەناوی کۆماری عێراقەوە وتارێکی پێشکەش کرد.

فوئاد حسێن ستایشی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی کرد لەنێویاندا ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، ئینتەرپۆڵ، کۆمکاری عەرەبی، ئاژانسەکانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەرایەتیی نەیەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە پێشتیوانییکردنی بەردەوامیی عێراق لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکانی ژێر دەستی داعش و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی سەرەکیی بۆ ئەو ناوچانە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شارەکانیان.

راشیگەیاند، “سوپاسی خۆمان ئاراستەی نێردەی ناتۆ دەکەین لە هەوڵەکانی لە بوارەکانی بنیاتنانی توانای هێزە ئەمنییەکان و مەشقپێکردن و راوێژکاریی”.

وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها ستایشی قوربانیدانی گشت وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بەتایبەتی قوربانیدانی گەل و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراقی بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە کرد و رایگەیاند، ئەو قوربانیدانانە بووە هۆی سەرکەوتن بەسەر گەورەترین رێکخراوی تیرۆریستیی لەسەر ئاستی جیهاندا.

فوئاد حسێن هاوکات جەختی لە گرنگی چارەسەرکردنی رەوشی مرۆیی خێزانە نیشتەجێکراوەکانی کەمپی هۆلی لە سووریا کرد و لەوبارەیەوە باسی لە پێویستی رێگرییكردن لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کرد لە دزەکردنیان بۆ نێو کەمپی ئاوارەکان و بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەویی و دووبارە خۆرێکخستنەوەیان.

باسی لە هەڵوێستی عێراق لەبارەی خێزانە نیشتەجێکراوەکانی کەمپی هۆل کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ گەڕاندنەوەی خێزانە عێراقییەکانی نیشتەجێی کەمپەکە لەدوای وربینیکردنی ئەمنیی و دڵنیابوونەوە لە رەگەزنامەکانیان کە هاووڵاتیی عێراقیین.

وەزیری دەرەوەی عێراق داوای پشتیوانیی کرد بۆ پرۆسەی گواستنەوەی خێزانە نیشتەجێکراوەکانی کەمپی هۆل و دانانی بەرنامەی دووبارە شیاندنەوەیانی کرد و ئاشکرایشی کرد، نزیکەی ٥٠٠ خێزانی عێراقی کە زۆربەیان ژن و منداڵن لە کەمپەکەوە گوازراونەتەوە بۆ کەمپی جدعە لە پارێزگای نەینەوا.

هەروەها داوای لەو وڵاتانەش کە هاووڵاتییانی هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتەکەیان لە کەمپەکەدا هەیە بەرپرسیارییەتی هەڵبگرن و هاووڵاتییانیان وەربگرنەوە و دڵنیایی بدەن لە لێپێچینەوە لەو کەسانەی کە لە تاواندا تێوەگلاون لە وڵاتەکانیدا.

وەزیری دەرەوەی عێراق هاوکات داوای لە وڵاتانیش کرد کە پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی سه‌رچاوه‌گرتوو لە بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پارەدارکردنیان جێبەجێ بکەن و جەختی لە پێویستی هەوڵی زیاتر بۆ توندوتۆڵکردنی سنوورەکان و رێگرییكردن لە هاتنی تیرۆریستان و چاودێرییکردنی پرۆسە داراییە گوماناوییەکان و بازرگانی رێگەپێنەدراو لەگەڵ داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەدا کردەوە.

فوئاد حسێن باسی لە هەوڵەکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای کچان و ژنانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعشی دەرکرد کە هەنگاوێکە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر پشتیوانییکردنی قوربانیانی تیرۆر و دڵنیاییەکیشە بۆ لێپێچینەوە لەو کەسانەی کە لە کردەی تاوانکاریی دژبە هاووڵاتییانی بێ تاوان تێوەگلاون.

وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە هەماهەنگیی دوولایەنەی وڵاتەکەی لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا کرد بە ئاماجی وشكکردنی سەرچاوەی پارەدارکردن و سپیکردنەوەی پارە و بەداواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش پەیوەندار بە بلۆککردنی پارەی تیرۆریستان و هەماهەنگیی باڵا لەنێوان حکوومەتی عێراق و دەزگاکانی پەیوەندار بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە نەتەوەیەکگرتووەکان.   

فوئاد حسێن جەختی لەوەشکردەوە کە حکوومەتی عێراق رووبەڕووی بیری توندڕەویی دەبێتەوە و بەردەوامیشە لە وشكکردنی سەرچاوەکانی تیرۆر وەک مەرجی سەرەکیی سەلامەتی کۆمەڵگا و دەستەبەرکردنی ئاسایش. 

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەردەوامی کاکردن و هەماهەنگیی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش کرد و داوای لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەکە کرد بەردەوام بن لە پشتیوانیکردن لە بواری پەرەدان بە تواناکان و دووبارە ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیریی.

AA