نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، “بۆدیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان پشت بە هیچ وڵات و دەزگایەکی فەلەکی نابەستین، پەیوەندیمان لەگەڵ وەقفی سوننی عێراق هەیە و کۆبوونەوەی بەردەواممان لەگەڵ ئەوان ھەیە، بڕیاری تایبەت بە خۆمان ھەیە و پشت بە خۆمان و بەڵگە شەرعییەکانی خۆمان دەبەستین”.
وتیشی، “ئەوەی دەوترێت فڵانە رۆژ جەژنە راست نییە، چونکە ئێمە پشت بە بەڵگە شەرعییەکان دەبەستین، نەک ئەوەی باسی لێوە دەکرێت، فەلەکناسییە یان شوێنی دیکە و لێژنەی باڵای بینینی مانگ بڕیار دەدات، بۆ ئەمساڵیش تائێستا دیارنییە، ئەم مانگە سی رۆژ دەبێت، یان بیست و نۆ رۆژ”.
جەختی لەوەشکردەوە، “رۆژی شەممە لێژنەی باڵای بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف بە ھەماھەنگی لەگەڵ لێژنە لاوەکییەکان لە پارێزگاکان بۆ دیاریکردنی ڕۆژی جەژن کۆ دەبێتەوە و ئەگەر مانگ بیندرا، رۆژی یەکشەممە دەبێتە جەژن و ئەگەر نەبیندرا مانگی رەمەزان سی رۆژ دەبێت و رۆژی دووشەممە دەبێتە جەژن”.
لەهەرێم و زۆرینەی وڵاتانی جیهان بە پشتبەستن بە بینینی مانگ02-04-2022 بەیەکەمین رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز دیاریکرا.