لە میانی یارییەکانی ٣٢ھەمین ھەفتەی پرێمیەرلیگ، یانەی مانچێستەر سیتی پێشەنگی خولەکە لە یاریگای ئیتیحاد میوانداریی یانەی لیڤەرپوڵی دووەم کرد.
مانچێستەر سیتی یارییەکەی زۆر بە خێرایی و به ھێرشبردن دەستپێکرد. توانی لە خولەکی پێنجەمدا بە گۆڵێکی کیڤن دی برۆین بە ئەنجامی ١-٠ پێشبکەوێت. لە بەرامبەردا لیڤەرپوڵ، ھێرشەکانی چڕ کردەوە و لە خولەکی ١٣دا توانی لە رێگەی دیێگۆ جۆتا گۆڵی یەکسان بوون تۆماربکات.
لە خولەکی ٣٦ی یارییەکەدا گابریێل خیسۆس ئەستێرەی مانچێستەر سیتی، توانی تۆڕی لیڤەرپوڵ بھەژێنێت و گۆڵی دووەم بۆ یانەکەی تۆمار بکات، ئەنجامی نیوەی یەکەمی یارییەکە بکاتە ٢-١.
نیوەی دووەمی یارییەکە زۆر بە خێرایی دەستی پێکرد و لە خولەکی ٤٦دا سادیۆ مانێ یاریزانی سەنیگالی، پاسێکی محەمەد سەڵاحی قۆستەوە و توانی گۆڵی دووەم بۆ یانەی لیڤەرپوڵ تۆمار بکات و ھاوسەنگی بۆ یارییەکە گهڕاندهوه.
دوای ھێرشە یەک لە دوای یەکەکانی ھەردوو یانه و چەندین ھەوڵ و فشار خستنە سەر بەرامبەر نەتواندرا ئەنجامەکە بگۆڕدرێت و یارییەکە بە ئەنجامی ٢-٢ کۆتایی ھات.
بەم ئەنجامە یانەی مانچێستەر سیتی بە کۆکردنەوەی ٧٤ خاڵ لە پێشەنگی خولەکەدا مایەوە و لیڤەرپوڵ بە جیاوازی یەک خاڵ و بە ٧٣ خاڵ لە پلەی دووەمدا مایەوە.