راگەیەندراوێک لە پارێزگای هەولێر

راگەیەندراوێک لە پارێزگای هەولێر

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
راگەیەندراوێک لە پارێزگای هەولێر
0

لایک

لە پارێزگای هەولێر (ئەربیل) کۆبوونەوەیەک سەبارەت بەڕێگریکردن لە سەرپێچى و زێدەڕۆییەکان لە ڕێنمایی و یاساکانى هاتووچۆ ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا “لەمەودوا هەموو ئەوانەى سەرپێچى لەیاسا و ڕێنماییەکانى هاتوووچۆ دەکەن، توندترین ڕێکارى یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.”

سەبارەت بە کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێک لە پارێزگای هەولێر بڵاوکرایەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

لەمەودوا هەموو ئەوانەى سەرپێچى لەیاسا و ڕێنماییەکانى هاتوووچۆ دەکەن، توندترین ڕێکارى یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر

ئەمڕۆ سێشەمە 2022.4.5، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەئامادەبوونی هێمن قادر جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدالحمید، قائیمقامی ناوەند و عەمید دیدار عومەر قادر، بەڕێوەبەرى پۆلیسى هاتووچۆى هەولێر و عەمید خالید، بەرێوەبەرى کاروبارى ناوخۆ و ژمارەیەک لەئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیە سەبارەت بەڕێگریکردن لە سەرپێچى و زێدەڕۆییەکان لە ڕێنمایی و یاساکانى هاتووچۆ ئەنجامدرا.

لەسەرەتایى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، دەستخۆشى لە بەڕێوەبەرى پۆلیسى هاتووچۆى هەولێر و ئەفسەر و پۆلیس و کارمەندانى سنوورى بەڕێوەبەرایەتیەکانیان کرد کە ئەرک و کارەکانیان بەڕێک و پێکى ئەنجامدەدەن، دواتر باس لە پەرەپێدان و باشترکردنی سیستەمی هاتووچۆی ناو شاری هەولێر بەشێوەیەکی گشتی کرا و تیشک خرایە ئەو سەرپێچى و زێدەڕۆییانەى کە لەلایەن شۆفێرانەوە ئەنجامدەدرێت و دەبنە هۆى ڕووداوى نەخوازراو کارەساتى لێدەکەوێتەوە.

لەوبارەیەشەوە بڕیار لەبارەی دەستپێکردنى هەڵمەتێکى بەردەوام درا لە ڕێگەى تیمەکانى پۆلیسى هاتووچۆى هەولێر لەسەرجەم شەقام و شوێنەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەى لە نێو ئۆتۆمبێل مۆبایل بەکاردەهێنن، یان بەسەرخۆشى و بە ژمارەى ساختە ئۆتۆمبێل لێدەخۆڕن، هەروەها دەست بەسەر هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەش بگیرێت کە دەستکارى گزۆزى ئۆتۆمبێلەکانیان یان ماتۆڕسکیلیان کردووە و ئەوانەشى کە دوکەڵى ڕەش و ژەهراوى دەردەکەن، ئەوە جگە لە گرتنەبەرى ڕێکارى یاسایی و تۆمارکردنى سکاڵایی یاسایی بەرامبەر ئەوکەسانەى کە گرتەی ڤیدیۆیی خۆیان لەکاتى لێخورین دەگرن و لە تۆڕەکۆمەلایەتیەکان و سۆشیال میدیا بڵاوى دەکەنەوە.

هەروەها پارێزگارى هەولێر بڕیاریدا قائیمقامیەت و لیژنەکانیان سەرجەم ئەو شوێنانەى جوانکاری ئۆتۆمبێل کە (نەشرە، ژمارەى ساختە، جام ڕەش) دەکەن و سەرپێچى لەیاسا و ڕێنماییەکانى هاتوووچۆ ئەنجامدەدەن، توندترین ڕێکارى یاساییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر. هەروەها بڕیاریدا، ڕێکارى پێویست لەبەرامبەر هەموو ئەو شۆفێرانەش بگیرێتەبەر کە دەبنە هۆى تێکدانى خزمەتگوزارییە گشتییەکان وەک (ترافیک، ستونى کارەبا، گادرێل، سەوزاى و دارى جوانکارى نێو شەقامەکان). سەرجەم ئەو بڕیار و ئیجرائاتانەش، هەموو ئوتۆمبێلێەکانى حکومى، پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانیش دەگرێتەوە. بۆئەو مەبەستەش پارێزگارى هەولێر هەموو پاڵپشتیەکى خۆى بۆ بەڕێوەبەرایەتى هاتووچۆى هەولێر نیشاندا لەبەرامبەر جێبەجیکردنى بریارەکان و گرتنەبەرى ڕێکارەکان.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، باس لەوەکرا کە دەگوترێت هۆکارى ڕووداوەکان، شەقاماکانە بەڵام بەپێى هەموو بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیەک دەرکەوتووە کە نەخێر هۆکارەکەى شۆفێران خۆیانن، وەک نموونەش ئەوە هێنرایەوە کە شەقامى 120م هەولێر یەکێکە لەباشترین شەقامەکانى شارى هەولێر، کەچی زۆرترین ڕووداوى هاتووچۆ لەسەر ئەم شەقامە ڕوودەدات.