بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە گرێبەستی لێکۆڵینەوە لەپڕۆژەی هێڵی ئاسنینی هەرێم لەنێوان وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و کۆمپانیایەکی ئیسپانیدا واژۆکرا و گرێبەستەکەش بەجۆرێک دەبێت کە هێڵەکە لە موسڵ و کەرکوک بە عێراقەوە دەبەسترێتەوە.
ئاگرین عەبدوڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەکۆنفرانێسکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، گرێبەستی لێکۆڵینەوە لەپڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیسپانی کاری لەسەر دەکرێت و درێژی هێڵەکەش 915 کیلۆمەتر دەبێت.
راشیگەیاند، هێڵەکە لە موسڵ و کەرکوک بە هێڵی شەمەندەفەری عێراقەوە دەبەسترێتەوە، لەم قۆناغەشدا چۆنیەتی جێبەجێکردنی پڕۆژە و خەمڵاندنی تێچووەکەی تاوتوێ دەکرێت، بەڵام دەستکردن بە پڕۆژەکە تائێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کاتەکەی دیارینەکراوە.