پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی دوو کەسی راگەیاند کە تۆمەتباربوون بە دزیکردن و قۆڵبڕین و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، لەدوو ئۆپەراسیۆنی جیادا مەفرەزەكانی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ و نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردسات دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد بەتاوانی دزیکردن و قۆڵبڕین.
ئەوەش هاتووە، لەلایەن نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک کە دوکانی مۆبایلەکەی بڕدرابوو توانرا تۆمەتبارێک دەستگیربکرێت و لەکاتی دەستگیرکردنیشیدا دەستگیرا بەسەر چەند مۆبایلێکی گرانبەهادا، تۆمەتبار (ص، د ، ا) لەدایکبووی 2004 دانی بەتاوانەکەیدا ناوه و لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەر و بەپێی ماددەی 443 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەكان بهردهوامه.
هاوکات، لەلایەن نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردسات تۆمەتبارێک بهناوی (ه ، ح، م) لەدایکبووی 1992 دەستگیرکرا بەتاوانی دزیکردن و قۆڵبڕین، لەچەند بنکەیەکی پۆلیس لەسلێمانی و لەشاری هەولێریش سكاڵای لهسهر تۆماركراوهو داواکراو بووە. لە ئێستادا تاوانبارەکە لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە و بەبڕیاری دادوەر راگیراوە.