مەکتەبی سیاسی یەکێتی: هەموو کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، بە هەموو رێکارێکی یاسای و بە هەوڵی هەمەلایەنەی سیاسی و دیپلۆماسی، دژی هەموو ئەو هەوڵانە دەوەستنەوە کە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق دەدرێت، یەکێتی ئەم جۆرە هەوڵانە بە پاشقولگرتن لە سیستمی دیموکراسیەت دەزانێت. مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە راگەیەنرداوێکدا بڵاویکردەوە، مەکتەبی سیاسی بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و بەتوندی ئیدانە و سەرزەنشتی هەر هەوڵێکی تاکڕەوانە و دەنگۆی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کرد. لە راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژە بەوەشکراوە، یەکێتی پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامی رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پێناو سەرخستنی هەڵبژاردن لە هەمان وادەدا دوپاتدەکاتەوە، لەپێناو داكۆكیكردن لە مافی دیموكراسیی خەڵكی کوردستان، بڕیاریانداوە بە هەموو رێکارێکی یاسایی و بە هەوڵی هەمەلایەنەی سیاسی و دیپلۆماسی، بەگژ هەوڵە ناڕەواكانی دواخستنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی 10ی مانگی (حوزەیران/6)دا بچێتەوە. ‎ئەوەشخراوەتەڕوو، کۆبوونەوەکە هەموانی لەو پێشهاتە ترسناكە ئاگادارکردەوە كە هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن وێڕای ئەوەی پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و رێوشوێنەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنە، دەشبێتە مایەی خەوشێكی گەورە بە تەوێڵی پرۆسەی سیاسیی كوردستانەوە کە سەرەنجام هیچ ئیعتیبارێك بۆ ویستی ئاڵوگۆڕی دیموکراسیانەی دەسەڵات و بۆ ناوبانگی دامەزراوەکانی هەرێمی كوردستان ناهێڵێتەوە و شەرعییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە ئێستا خۆی کاربەڕێكەرە، دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە. مەکتەبی سیاسی یەکێتی باسی لەوەشکردوە، مەکتەبی سیاسی ئەم جۆرە هەوڵانەی دواخستن بە پاشقولگرتن لە ئیستیحقاقی دیموكراسی دەزانێت و هیچ پاساوێكی بۆ نییە تەنیا رەچاوكردنی بەرژەوەندیی تەسكی ئەوانە نەبێت كە خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەدزنەوە و بەدوای دەرچەیەكی ناڕەوادا دەگەڕێن كە زۆرینەیەكی زۆرەملێ و پێشوەختی مسۆگەرکراویان بۆ دابینبكاتەوە، هەر بۆیە رایدەگەیەنێت هەرگیز بەشێک نابێت لە کەینوبەینی ژێربەژێر و پێشوەختیش هەموو کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە. ‎ئەوەشی ئاشکراکردووە، بۆ پارێزگاری لە مافی دیموكراسیی گەلەكەمان، بە یاداشتی فەرمی و دیداری راشكاو و جددی دۆستانی پرۆسەی سیاسیی کوردستان، عێراق و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتوەکانیش لەم پەرۆشییە دیموکراسییەی خۆی ئاگادار دەکاتەوە، هەروەها ⁠بە کۆدەنگی نیشتمانی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکانی داکۆكیكار لە پابەندبون بەوادەی هەڵبژاردن، یەکڕیزی و دیموکراسی پتەوتر دەکات. ‎لە راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژە بەوەشکراوە، یەکێتی ⁠پەنا بۆ سكاڵای یاسایی دەبات و بەگوێرەی دەستوری عیراق و یاسا بەركارەكانی، داكۆكی لەم مافەی میللەتی کورد دەكات، هەروەها بانگەوازی نیشتمانی و دیموكراسیی یەکێتی ئاڕاستەی هەموان دەکرێت بۆ ئەوەی لەم خەباتە یاسایی و دیموكراسییەدا پشتیوان و هاوكاربن. ‎ئەوەشخراوەتەڕوو، "رای گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دەنگدەرانی تازەی پرۆسەی هەڵبژاردن کە بۆ یەکەمینجارە ئەم شایستە دیموکراسییە پیادە دەکەن، با پێكەوە داكۆكی لە ئەزمونی دیموكراسیی كوردستان بكەین و ئەركی راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی خۆماڵی سەربخەین كە تەنیا بە هەڵبژاردنێكی بێگەرد و لە وادەی خۆیدا دێتەدی."