هەریەکە لە وەزیری گواستنەوەی عێراق و وەزیری گواستنەوەی تورکیا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پڕۆژەی گەشەپێدان کرد، لە هەمان کۆبوونەوە وەزیری گواستنەوەی تورکیا داوای کرد گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق – تورکیا زیاد بکرێت، لە بەرامبەردا وەزیری گواستنەوەی عێراق دوای کرد ئاسانکاری لە پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیان بکرێت.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، رەزاق محێبس وەزیری گواستنەوەی عێراق و عەبدولقادر ئۆراڵ وەزیری گواسنەوەی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکدا رێککەوتوون لەسەر کردنەوەی نووسینگەیەکی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی کاروباری پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان.
ئاماژە بەوەشکراوە، وەزیری گواستنەوەی عێراق جەختیکردەوە کۆمپانیا جیهانییەکان پەرۆشی ئەو هەلە وەبەرهێنانەن کە لە پڕۆژەی رێگای گەشەپێداندا هەیە، عێراقیش جدییە لە جێبەجێکردنی هەموو پێویستییەکانی پڕۆژەکە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لە بەرامبەردا وەزیری گواستنەوەی تورکیا دەستپێشخەرییەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقی لە کەرتی گواستنەوەی هەردوو وڵات بەرز نرخاند، داواشی کرد ژمارەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاد بکرێت، لە بەرامبەردا وەزیری گواستنەوەی عێراقیش داوای کرد ئاسانکاری لە پێدانی ڤیزای تورکیا بە هاوڵاتیانی عێراق بکرێت.
پڕۆژەی گەشەپێدان پڕۆژەیەکی هاوبەشی گواستنەوەیە لە نێوان عێراق و تورکیا کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێتەوە بە وڵاتانی ئەوروپاوە، گرێبەستی پڕۆژەکەش لە نێوان محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دوو ساڵ لەمەوبەر واژۆ کرا.