هاوپەیمانییەکی نوێ لە لایەن سوننەکان پێکدەهێنرێت

هاوپه‌یمانی سیاده‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ركرده‌ سیاسییه‌ سوننه‌كان هاوپه‌یمانیه‌ییه‌ك پێك ده‌هێنن؛ ده‌شڵێت، له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا به‌رنامه‌ی كاری ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن.

سێشه‌ممه‌، 7ـی كانوونی دووه‌می 2025، هاوپه‌یمانی سیاده‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، سه‌ركرده‌كانی سوننه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ مه‌حموود مه‌شهه‌دانی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، خه‌میس خه‌نجه‌ر، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی سیاده‌، موسه‌ننا سامه‌ڕائی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی عه‌زم، ئه‌حمه‌د جبووری (ئه‌بو مازن)، سه‌رۆكی پارتی جه‌ماهیر و زیاد جه‌نابی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی ده‌ستپێشخه‌ریی له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی داخراودا كه‌ له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌ چوو (هاوپەیمانی سەرکردایەتیی یەکگرتووی سوننە)ـیان پێكهێنا.

هاوکات هاوپه‌یمانی سیاده‌ باسی له‌وه‌ش كردووه‌، له‌ كاتێكی نزیكدا به‌رنامه‌ی كاری سیسیی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ نوێیه‌ ئاشكرا ده‌كرێت. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، هاوپه‌یمانییه‌كه‌ ده‌یه‌وێت سه‌ركردایه‌تی ده‌ستكه‌وته‌ مرۆیی، یاسایی و سیاسییه‌كان و مافه‌كانی پێكهاته‌ی سوننه‌ بكات له‌ سه‌رجه‌م عێراق به‌دیاریكراویش له‌ پارێزگاكانی باكوور و ڕۆژئاوای ئه‌و وڵاته‌.