کەمێک لەمەوبەر کۆبوونەوەی وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی لەسەر بودجە و مووچە کۆتایی هات. لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، “لە کۆبوونەوەکە باسی تەرخانکردنی پشکی هەرێم کراوە لە بودجە”.
ئەمڕۆ دووشەممە، لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە سەرپەرشتی عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەکە، لەبارەی پرسی بودجە و پشکی هەرێم لە بودجەدا لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەوە.
لەو بارەیەشەوە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، لەمیانەی کۆبوونەوەی ئەندامانی لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق تاوتوێی پرسی ئابووری و بودجەی ئەمساڵی عێراق کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەبێت خەرجییەکان لەمساڵدا وەک ئەوەی کە لە بودجەدا دیاری کراوە خەرج بکرێن، بەتایبەت ئەو خەرجییانەی کە پەیوەستن بە پڕۆژەکان و خەرجی بەکاربردنی سەرجەم وەزارەتەکان.
باس لەوەش کراوە، بودجەی ئەمساڵ تایبەتە بە گەشەپێدانی پڕۆژەکان، بۆیە دەبێت گرنگییەکی زیاتر بدرێت بە خەرجی پڕۆژەکان و لەو بارەیەشەوە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ دابینکردنی سەرجەم خەرجییەکان دەربڕیوە. وتیشی، ” وەزارەتی دارایی دەیەوێت سەرجەم خەرجییەکان لەکاتی خۆیدا وەک خۆی دابین بکات، بەبێ دروستکردنی هیچ کاریگەرییەک لەسەر ئاستی نەختینەی وەزارەتەکە.”