سەرۆکوەزیرانی عیراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری مامۆستایان و وانەبێژان رایگەیاندووە، لە هەوڵەکانیان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لە پێناو جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە کێشە داراییەکانی هەرێم و بەغدا بەردەوامن.
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی کرد لە نوێنەری مامۆستایانی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوێی لە دۆخی دەستەی پەروەردە و فێرکردنی پارێزگاکانی هەرێم و ئەو بەربەست و کێشانەی کە رووبەرووی خزمەتگوزاری خوێندنی هەرێم بووەتەوە گرت، هەروەها باسیان لە ئامرازەکانی پەرەپێدانی دۆخ و بژێوی مامۆستایان و وانەبێژان کرد.
لە کۆبوونەوەکە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت لە هەوڵەکانی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بەردەوامە، ئەویش لە پێناو جیاکردنەوەی دۆسیەی مووچەی فەرمانبەران لەو ئاڵۆزییانەی لە دۆسیەی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کارکردن بەردەوام دەبن بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، حکومەتی عێراق دژایەتی خۆپیشاندانەکانی داواکاری مووچەی مامۆستایانی هەرێم ناکات.